ھەر ژمارەیەک لەبارەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بڵاوبکرێتەوە فەرمیی نیە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەر ژمارەیەک لەبارەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بڵاوبکرێتەوە فەرمیی نیە، چونکە پێویستە ڕەوانەی لای سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت و پەسەندی بکات، بۆیە ڕەنگە کەم و زیادبکرێت بەشی ھەر پارێزگایەک، لەبەر ئەوە جارێ نامانەوێت باسی پشکی ھەر پارێزگایەک بکەین، ئەگەرنا بەشی ھەمووان دیاریکراوە.
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زاگرۆس فەتاح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە وەزارەتی خۆمان کاری لەسەر دەکرێت و کە ئێمە تەواومان کرد بۆ لای سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت و ئەو پەسەندی دەکات، ئەوکات دیار دەبێت ھەر پارێزگایەک چەندی بەردەکەوێت بەشێوەیەکی فەرمیی و بۆیان خەرج دەکرێت".
زاگرۆس فەتاح گوتیشی: "ئەو ژمارانەی بڵاودەکرێنەوە کە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان چەندە ھێشتا یەکلایی نەبۆتەوە، چونکە تا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەندی نەکات نابێتە فەرمیی، بۆیە ئێمە بەشی ھەموو پارێزگاکانمان دیاری کردووە، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی و پەسەندکردنی سەرۆکی حکوومەت ھەیە".
فەتاح باسی لەوەشکرد: "ئێمە بۆیە جارێ پشکی پارێزگاکان ئاشکرا ناکەین، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە بوودجەکەی بۆ ڕەوانە دەکرێت ڕەنگە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و کەم و زیاد بکرێت".
ناوبراو وتیشی:"ھەر کاتێک کارەکانی تەواو بوون لای ئێمە بۆ سەرۆکی حکوومەت ڕەوانە دەکرێت، کە پەسەندکرا ئەوکات دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە".
بڵند ئیبراھیم




