٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"١١ ساڵ دوای بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی ئەنفالی بارزانییەکان، کەسوکاریان قەرەبوو نەکراونەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- یازدە ساڵ دوای دەرچوونی بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان ھێشتا حکوومەتی عێراق ئامادەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان نییە و پارێزەرێکیش دەڵێت، دوای ٤١ دانیشتن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەفەرمی دۆسیەی بارزانییەکانی بەجینۆساید ناساند.

ئەیاد کاکەیی، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی بارزانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە رۆژی ٢ی ئاداری ساڵی ٢٠٠٩ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەرانی رژێمی بەعس لەسەر دۆسیەی بارزانییەکان دەستی پێ کرد، دوای بەڕێوەچوونی ٤١ دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تاوانی بێسەروشوێنکراوانی بارزانی بە جینۆساید ناسێندرا.''

ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ێ رژێمی ئەوکاتی عێراق بە پیلانێکی دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی دەستی بە جینۆسایدی بارزانییەکان کرد و لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی بەحرکە و قوشتەپە و ھەریر و سۆران ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی راپێچی زیندانەکانی باشووری عێراق کران و دواتر زیندەبەچاڵ کران.

ئەیاد کاکەیی دەڵێت: "ڕۆژی ٣ی ئایاری ساڵی ٢٠١١ ئەو تاوانەی بەرانبەر بە بارزانییەکان کرابوو، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بە جینۆساید ناسێندرا، بەڵام تا ئێستا ھەنگاوی یاسایی نەنراوە بۆ ئەوەی کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار