٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر داوا دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتووری و سیاسی و بارزگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بکرێت و هیوا دەخوازێت جیاوازییەکانی نێوان لایەنەکان بە گفتوگۆی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، بە شێوەیەک کە ڕێز لە خواست و بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی عێراق بگیرێت.

ئەمڕۆ، سێشەممە ١/٣/٢٠٢٢، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز نەسروڵڵا زارع ڕەشنودی و شاندی یاوەری کرد و لەو دیدارەدا باس لە مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلی کوردستان و گەلانی ئێران کرا و سیوەیلی جەختی لە گرنگیی ڕۆڵ و کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا کردەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو دیدارەدا گوتی: ''ئێمە جۆگرافیا و سنوورێکی زۆرمان پێکەوە هەیە و خاوەنی ئایندەیەکی هاوبەشیشین، پێویستە کاری زیاتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هاوبەشییە بیپارێزین''، هەروەها گفتوگۆ لەسەر بازرگانی و هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا کە پێوستی بە هەماهەنگی و بەرەوپێشەوەچوونی زیاترە.

لە دیدارەکەدا سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز نەسروڵڵا زارع ڕەشنودی، سپاسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازی و هەماهەنگییە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەدەستهێنانی ئاشتی و گەشەسەندنی ناوچەکەدا بەرز نرخاند و گوتی، وڵاتەکەی کراوەیە بە ڕووی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ''بۆ ئەوەی پێکەوە ئایندەیەکی باشتر و ڕووناکتر پێک بهێنین کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بیت.''


 

هەواڵی پەیوەندیدار