٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانا مەلا خالید: ھیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ھەڵبژاردندا نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتی کردەوە ھیچ ئاستەنگێک لە بەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت و دەشڵێت، کار بۆ کاراکردنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکاریی ھەڵبژاردن بکرێت.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەرکردنی فەرمانی ھەرێمی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، فراکسیۆنی پارتی ھەڵوێستی خۆی دیار کردووە و ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین تاکوو ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونکە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا مافی یاساییی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێستا ھیچ بەربەستێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە و تەنیا کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پێویستە، لەبەر ئەوەش کار بۆ ئەوە دەکرێت بەپێی یاسا، کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کارا بکرێتەوە و دەست بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بکرێت.''

لەبارەی یاسای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە زانا مەلا خالید ڕوونی کردەوە: "یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھەموارکردنەوە نییە، بەڵام ئێمە ڕێگر نابین لە ھەموارکردنەوەی ئەگەر کات بەردەست بێت بۆ ھەموارەکە، چونکە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بە کاتی زیاترە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار