"زیاتر لە ٤٠٠ خێزانی ئاوارەی ئێزدی دەیانەوێت دووبارە ناوچەکانیان بەجێ بێڵن"

شنگال-KDP.info- ژمارەیەک ئاوارەی شنگال دوای گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دھۆکیش دەڵێ، ٨٥ ھەزار خێزانی ئاوارە و پەنابەر لە دھۆک نیشتەجێن.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا ٨٥ ھەزار خێزانی ئاوارە و پەنابەر لە سنووری پارێزگای دھۆک ماون و لەو ژمارەیە ٦٥ ھەزار و ٤٧١ خێزان ئاوارەن و ٩٠%ی ئاوارەکانی دھۆکیش خەڵکی دەڤەری شنگالن و لە سنووری پارێزگای دھۆک نیشتەجێن.''
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک دەشڵێت: "ژمارەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ شنگال ١٠ ھەزار خێزانن، بەڵام لەو ژمارەیە ٤٢٧ خێزانی گەڕاوەی شنگال ناویان تۆمار کردووە و دەیانەوێت دووبارە ناوچەکانیان بەجێ بێڵن و ئاوارە ببنەوە.''
پیردەیان جەعفەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ ئاڵۆزیی ڕەوشی ناوچەکانیان دەگەڕێتەوە، چونکە تا خەڵک دڵنیا نەبێت لە ژیانی خۆی، ئامادە نییە بگەڕێتەوە، تا ئێستا ڕەوشی شنگال ئاسایی و گونجاو نییە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە.''
قائید میرۆ




