٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول گیانی خەبات و کوردستانی کردەوە بە گیانی تاکی کوردا

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایەکی مێژوویی دەڵێت، لە مێژووی ھاوچەرخی کورد درێژترین شۆڕش شۆڕشی ئەیلوول بوو کە ١٤ ساڵ تەمەنی بوو، بەڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، مستەفا بارزانی لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا تەنھا بۆ یەکجار نەچووە بەغدا، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانووستان خۆیان دەھاتنە ناوچە ئازادکراوەکان، بارزانی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەی کوردستانی بوونی بە گیانی تاکی کوردا کردەوە.

پڕۆفیسۆر دکتۆر کەیوان ئازاد مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە مێژووی ھاوچەرخی کورد درێژترین شۆڕش شۆڕشی ئەیلوول بوو کە ١٤ ساڵ تەمەنی بوو، بەڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، وێستگەی زۆر جیا جیای بە خۆیەوە بینی، ئەگەر بە قوڵی بڕۆینە ناو ڕووداوەکانی شۆڕشی ئەیلوول، زۆرترین ڕووداو و بەرخۆدان و کێشە لەو ماوەیە ڕویداوە، لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی بارزانی، چوار ڕژێم لە عێراق دەگۆڕدرێن، عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر، بەڵام شۆڕش بەردەوام دەبێت لە خەبات تاوەکو ڕژێمی عێراق ناچاردەکات دان بنێت بە مافەکانی گەلی کوردا، دواتر ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازار واژۆ دەکرێت، لە مێژووی کوردا بەفەرمی و لە ١٤ ماددە عێراق دان دەنێت بە مافەکانی میلەتەکەماندا".

کەیوان ئازاد وتیشی: "گرینگی شۆڕشی ئەیلوول لەوەدایە، سەرکردەکەی مستەفا بارزانی بوو، لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا تەنھا بۆ یەکجار نەچووە بەغدا، ھیچ حسابێک بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا ناکات، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانوستان خۆیان دەھاتنە ناوچە ئازادکراوەکان و بارەگای بارزانی، ئەوەش گرنگە بۆ مێژووی شۆڕشی ئەیلوول".

ئازاد دەڵێ: "شۆڕشی ئەیلوول جەماوەری بووە و خەباتێکی ڕەوای گەلی کوردی ڕێکخستووە، شۆڕشی ئەیلوول ١٤ ساڵ بەردەوامبوو، گەلێک ٧٥% نەخوێنەوار بوون و  ٧٠% گوندنشینە، سەرباری تووشبوونی شۆڕش بە لێکترازان بەڵام شۆڕش بەردەوام دەبێت، دەسەڵاتدارەکانی عێراقیش بگۆڕێت، پێش شۆڕش و دوای ئەو شۆڕشەش بەو شێوەیە و ئەو سەروەریانە تۆمار بکات دووبارە نەبووەتەوە".

ئەو مامۆستای مێژووە زیاتر پێی وایە: "شۆڕشی ئەیلوول جەماوەری بوو لە ھەرچوارپارچەی کوردستان بۆ یەکەم جاربوو شۆڕشێک ھەبێت بە شۆڕشی خۆیانی بزانن و پشتیوانی بکەن، لە باشووری کوردستانیش لە زاخۆ بۆ خانەقین پشتیوانی شۆڕشبوون، گەل خۆیان بە خاوەنی شۆڕش دەزانی و سەروەری شۆڕشی بە سەروەری خۆیان دەزانی".

ناوبراو ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "بارزانی نەمر لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەندەی توانی پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان پەرەپێدا، وەک وڵاتانی ڕۆژئاوای و ئیقلیمی، ھەرچەندە ئەوکاتە پێوەندییەکان سنورداربوون، ئەوکاتی دونیا کوردی زۆر نەدەناسی و گەیاندن ئەوکاتە حزووری نەبوو، بەڵام بارزانی توانی دەنگی شۆڕش و کورد بەدەرەوە بگەیەنێت و سەتان ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران بھێنێتە کوردستان".

"بارزانی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەی کوردستانی بوونی بە گیانی تاکی کوردا کردەوە و خۆشەویستی بۆ نیشتیمان لە دیدی بارزانی نەمرەوە سەیر دەکرا، ھەموو کوردی دڵسۆز پشتیوانیان دەکرد، کەیوان ئازاد وای گوت".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار