٤٣ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی تێکۆشەری کورد مستەفا بارزانی تێپەڕدەبێت

ھەولێر-KDP.info- سەرکردەو جەنەڕاڵی کورد و کوردستان، مەلا مستەفا بارزانی ٤٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی، دکتۆرێکی بەشی مێژوو، دەڵێت، ئەو سەرکردەیەی کە لە ناو جەرگەی تێکۆشان و خەباتی خانەوادەکەی دژ بە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی لەدایکبوو و پێگەیشت، بۆیە ھەر لە نەوجەوانییەوە درکی بەوە کردبوو کە گەیشتن بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان، لە ڕێگای تێکۆشانەوە بەدی دێت، لەسەر ئەو بنەمایەی ھەق دەسەندرێت، نادرێت.
لە یادی ٤٣ ساڵەی کۆچی دوایی بارزانی نەمر و وەبیر ھێنانەوەی چەند دێرێکی کەم لە ھەوڵ و تێکۆشانەکانی ژیانی مەلا مستەفا بارزانی.
دکتۆر ھۆشەنگ ساڵح نەجار، مامۆستا لە بەشی مێژووی کۆلێژی ئاداب زانکۆی سەلاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٤٣ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆچی دوایی ڕابەری نەتەوەی کورد مەلا مستەفای بارزانی، ئەو سەرکردەیەی کە لە ناو جەرگەی تێکۆشان و خەباتی خانەوادەکەی دژ بە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی لەدایکبوو و پێگەیشت، بۆیە ھەر لە نەوجەوانییەوە درکی بەوە کردبوو کە گەیشتن بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان لە ڕێگای تێکۆشانەوە بەدی دێت، لەسەر ئەو بنەمایەی ھەق دەسەندرێت، نادرێت، بۆیە لە زۆربەی وێستگەکانی خەباتی نەتەوایەتییدا چ لە ناوچەکەی خۆی بارزان، چ لە ھەموو کوردستان بۆ ئەو ئامانجە کۆشاوە و قوربانی گەورەشی داوە".
د. ھۆشەنگ، دەشڵێت: "ئەگەر لە ژیانی تایبەتی مستەفا بارزانی ورد بینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە لەم سێ ڕاستییە بەدەر نەبووە، یەکەم، خەبات و تێکۆشان و بەرگری و سەرکردایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، دووھەم، بەندیخانە و نیشتەجێکردنی زۆرەملێ (اقامە جبریە) لە دووری زێد و نیشتیمانی خۆی، سێھەم، ئاوارەیی و دەربەدەری و پەناھەندەیی ھەموو ئەمانەش دەبنە خەسڵەتی جیاکەرەوەی ژیانی ئەو سەرکردەیەی کورد لە سەرکردەکانی دیکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد".
ھاوکات ناساندنی کەمێک لەژیاننامەی بارزانی نەمر، مستەفا شێخ محەممەدی بارزانی شۆڕشگێڕ و سیاسەتوانێکی کوردە، لە کۆماری مەھاباددا ڕۆڵی ھەبووە، لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە ساڵی ١٩٦١دا شۆڕشی ئەیلوولی دژ بە حکوومەتی ناوەندیی ئەو کاتەی عێراق ھەڵگیرساندووە، لە ١ـی٣ـی ١٩٧٩دا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ھۆی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکانەوە، لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
فایزە کۆیی




