٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد جندیانی: بۆ ھەواڵی ڕاست سەردانی ماڵپەری فەرمیی پارتی دەکەم

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە ١١ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی دەڵێت، وەک خۆم بۆ وەرگرتنی ھەواڵی سیاسەتی پارتی و ھەواڵی ڕاست سەردانی ماڵپەری فەرمیی پارتی دەکەم و بینیومە بۆ زۆر شوێنیش بووە بە سەرچاوەی وەرگرتنی ھەواڵی ڕاست و متمانە پێکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆی ٢٨ـی شوبات، ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، پەیوەست بەم بۆنە، ئازاد جندیانی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە یادی١١ھەمین ساڵیادی ماڵپەڕەکەتان پیرۆزبایی لە ستافی ماڵپەڕ و خوێنەرانی ماڵپەڕەکەتان دەکەم، لە ڕاستیدا لەم سەردەمە ھەواڵی فەیک و ناڕاست زۆرن و ھەر لە کوردستان نا بگرە لە تەواوی جیھان کۆمەڵگاکانی ناڕەحەتکردووە، بۆیە گرنگترین شت بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگاربکەین لە ھەواڵی ناڕاست دەبێت ڕاستگۆ بین، بۆ ئەوەی متمانە دروست بکەین و ھەواڵێکی ڕاست بدەین بە خوێنەرانمان ئەوە زۆر گرنگە، ئەمەش لە ھەل و مەرجێکدایە کە ئێستا قەیرانێک ھەیە قەیرانی ھەواڵی فەیکی پێدەڵێن، لە ئێستادا لە جیھان کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی تایبەت بەمە دروست بووە کە ھەواڵە ڕاستەکان لە ھەواڵە فەیکە ناڕاستەکان جیا دەکاتەوە میکانیزمێک ھەیە بۆ ئەمە، بە جددی لەم سەردەمە زۆربەی ھەرەزۆری ھەواڵەکان ناڕەحەتە و گیرۆدە بووە لە ھەواڵە ناڕاستەکان و متمانە کەمبۆتەوە، بەھۆی ئەم بابەتانەوە".

جندیانی، دەشڵێت: "متمانە گەڕانەوە و مزداقیەتی ھەواڵ، ڕاستگۆبیت لە ھەواڵدا، ئەمەش بۆ پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسەکان دەگەڕێتەوە و سەرکەوتووییان بەدیار دەکەوێت، کە بەدوای ھەواڵی ڕاستبن و دەچنە سەرچاوەی ھەواڵەکەوە، سەرنجی ماڵپەڕەکەتان دەدەم ھەواڵی ڕاست وەردەگرم و دیومە کە ھەندێک خەڵکیش، زۆرتر سەیری ماڵپەڕەکەی ئێوە بۆ وەرگرتنی ھەواڵە ڕاستەکە دەکات، بە تایبەت کە دەبینرێ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، زمان حاڵ و ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم ماڵپەڕە بەحوکمی ئەوەی بە فەرمی  تایبەتە بەو حیزبە، بێگومان ھەمیشە ھەوڵی ئەوە بدەن خۆتان لەھەواڵی ناڕاست و بێ بنەما بەدوور بگرن، تاوەکو ئەوەی لە KDP.infoـەوە ھەواڵ وەردەگرێت کردوویەتی بە سایتی متمانە پێکراوی خۆی تەنیا ڕاستییەکان ببینێ و پێشبڕکێ نەکات تا زۆرترین ھەواڵ و بەپەلەترین ھەواڵ بگەیەنێت، بەڵکو پێویستە بەدوای ڕاستترین سەرچاوە بگەڕێ تا مزداقیەت و سەنگی خۆی لەدەست نەدا، بۆیە ئێوە ئەم متمانەیەتان لەدەست نەداوە".

ئەم ڕاوێژکارەی سەرۆک بارزانی، گوتیشی: "لە کۆتاییدا دەڵێم بەداخەوە، زۆر بە کەمی ھەواڵی ناڕاست و سایت و ماڵپەڕی بێ بنەما جیادەکرێتەوە لە سایتێک کە ھەواڵە ڕاستەکانمان بەدەست بگات، دووبارە پیرۆزبایی ماڵپەڕەکەتان دەکەم و دەڵێم، ڕاستگۆیی، ڕاستگۆیی، ڕاستگۆیی، با ھەڵبژاردەی ماڵپەڕەکەتان بێت، سەرکەوتووبن ، ماندوونەبوون بۆ گشت ستافەکە".

 

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار