فراکسیۆنی پارتی: ماڵپەڕی فەرمیی پارتی جێگەی متمانەی ھەمووانە

هەولێر -KDP.info- لە ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بەھۆی گەیاندنی پەیامە دروستەکەیەوە، ھەمووان متمانەیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی هەیە و دەشڵێت، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بووەتە مینبەرێک بۆ گەیاندنی بۆچوونی فراکسیۆنی پارتیمان.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھیوای بەردەوامی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیمان دەخوازم و ھیوادارم لەسەر ئەزموونی کارکردنیان بەردەوام بن کە بە بۆچوونی من ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو بووە و ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی زیاتر لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە سەرجەم ئەو پەیامانەی کە ئامانج بووبێت بۆ خەڵکی ڕوون بکرێنەوە، گەیاندوومانە، چونکە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ماڵپەڕێکی باوەڕپێکراوی نێو میدیای کوردییە.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی سوودی تەواومان لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بینیوە بۆ ئەوەی ھەمووی ئەو کارنامەیەی لە پەرلەمانی کوردستان ھەیە، یان لە داھاتوودا دەبنە کارنامە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە گەیاندوومانەتە خەڵکی کوردستان.''
زانا مەلا خالید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ماڵپەڕی فەرمیی پارتی تاکە ماڵپەڕی فەرمیی پارتییە، لەبەر ئەوەش ھەم پارتی، هەم دۆست و لایەنگرانی پارتی، تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی دیکەش متمانەیان بە پەیامی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ھەیە، ئەوەش سەرچاوەکەی بۆ ئەو باوەڕە دەگەڕێتەوە کە ھەموو لایەک متمانەیان بە ھەواڵ و زانیارییەکانی نێو ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە.''
قائید میرۆ




