٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گولیزار سندی: ئەگەر پێویست بکات شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان سیاسییە و دەڵێت، زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەڕێوە دەچن و ئەگەر پێویست بکات شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

گولیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە دیارە و بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی دادوەری بکات، ئێمە وەک پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکەینەوە، کە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: "ماددەکانی ١١٠ و ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق ئەو مافەی بە ھەرێمی کوردستانی داوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی نەوت و غاز لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت، کاتی خۆیشی لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ چەند جار ھەوڵی کۆبوونەوە دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام بەداخەوە لە بەغداوە نیەتی چارەسەر نەبووە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرینگە کە یاسای نەوت و غازی عێراق دەربچێت و ھەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەتن، ئەویش بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن.''

گولیزار سندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیاری دادگای فیدراڵی سیاسی و نادەستوورییە لەبارەی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و نیشانەی پرسیاری خستە سەر خۆی، بۆیە لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستاندا بەڕوونی ھەموو برگە و خاڵ و ماددەکانی پەیوەست بەو بەشە بۆ حکوومەتی عێراق ڕوون دەکرێنەوە و ئەگەر پێویست بکات شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتە دەچێتە بەغدا، کۆبوونەوەی دیکەشی بەدوادا دێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، تا لایەنی یاسایی پرسەکە ھەڵبسەنگێنن و گرینگە کەسانی پسپۆڕ و یاسایی ڕۆڵیان ھەبێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی و دروستیی بڕیارەکە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار