ڤالا فەرید: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ، یەكشەممە، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ژمارەیەك ڕاوێژكاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كۆ بوونەوە.
ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندی حکوومەت لەو کۆبوونەوەیەدا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ''وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكەینەوە كە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە''.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا کە ماددەكانی 10 و 11 و 12ی دەستووری عێراق ئەو مافەی بە هەرێمی كوردستان داوە و گوتیشی: ''حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بواری نەوت و غاز لە گفتوگۆكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت''.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەش گوتی: ''ئەمە كۆبوونەوەی دیكەشی بەدوادا دێت بۆ ئەوەی لایەنە یاساییەكان بابەتەكە هەڵبسەنگێنین''.
ڕامان وریا




