٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی ھەڵنەدراونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال ژمارەیەکی بەرچاو کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە زیندەبەچاڵ کران و لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەجێ ماون. سەرۆکی ڕێکخراوی بەدیکۆمێنتکردنی کارەساتی شنگال دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ گۆڕ ماون و ھەڵنەدراونەتەوە.

خەیری عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدیکۆمێنتکردنی کارەساتی کوردانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆی ٨١ گۆڕی کوردانی ئێزدی کە لە سەردەمی ھێرشی داعشدا زیندەبەچاڵ کراون، تا ئێستا توانراوە ٢٠ گۆڕ کاریان تێدا بکرێت و ڕوفاتەکانیان دەربهینرێت، کوردانی ئێزدی نیگەرانن لە سستیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان لە ناوچەکانی شنگال، چونکە ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ ھەن و ھەر ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە بۆ هەڵدانەوەیان، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر قورسیی کارکردن لەسەر ئەو گۆڕانە، چونکە تێپەڕبوونی زەمەن کارەکان زەحمەتر دەکات.''

سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەڵێت: "حەفتەی ڕابردوو پڕۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گوندی حەردانی سەر بە شنگال بەڕێوە چوو کە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاری تێدا دەکرێت، بەڵام لە ھەمان ناوچە گۆڕی دیکەش ھەن.''

خەیری عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''تا گۆڕە بەکۆمەڵەکان ھەڵنەدرێنەوە ژمارەی قوربانیانی کوردانی ئێزدی بە دروستی نازانرێت، چونکە بە ھەزاران ھاووڵاتیی سڤیلی ئێزدی لە مانگی ئابی ٢٠١٤ بەدواوە چارەنووسیان دیار نییە و نازانرێت لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، یان شەھید کراون و لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەکەدا ڕوفاتیان ھەیە، ژمارەیەک ڕوفاتی ئێزدییەکان لە پزیشکیی دادی بەغدایە و بڕیارە دوای پشکنینی پزیشکی چارەنووسیان یەکلا بکرێتەوە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار