٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن بۆ KDP: چاوەڕوانین پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێم وادەی ھەڵبژاردنی دیاریکرد و حکوومەتیش ئامادەیە بوودجەی بۆ تەرخان بکات، ئێستاش ئەرکی پەرلەمانە کۆمسیۆن کارا بکاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکاریەکان بکات، چونکە کۆمەڵێک ئامادەکاری پێویستە بۆ تەواوکردنی و شەش مانگیشی کات پێویستە.

کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێم وادەی ھەڵبژاردنەکانی دیاریکردوو حکوومەتیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ تەرخانکردنی بوودجە، ھەروەھا کۆمسیۆن بۆ ئامادەکاریەکان لەوکاتەی بوودجەی بۆ تەرخاندەکرێت شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڵبژاردنەکان ئەنجامبدات لەو وادەی بۆی دیاریدەکرێت".

کاروان جەلال گوتیشی: "کۆمسیۆن بۆ ئامادەکاریەکان پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکار ھەیە بۆ ئەوەی بگرێتەبەر کە خشتەیەکی بۆ دادەنێت بۆ ڕێکارەکان و جێبەجێیان بکات لەماوەی ئەو شەش مانگە، لەوانە ئامادەکاریە لۆجستیەکان کە لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامیدەدات و تۆماری دەنگدەرانە کە نوێ بکرێتەوە ئەوەش کاتی پێویستە، ھاوکات وەرگرتنی فەرمانبەران و ڕاھێنانیان لەسەر سیستەمی ھەڵبژاردن، بۆ بوودجەش دیاریکردنی بڕەکە بەپێی سیستەمی ھەڵبژاردن دەگۆڕێت کە ئایە یەک بازنە دەبێت یاخود فرە بازنە".

جەلال ڕوونیشی کردەوە: "تاوەکو ئەنجومەنی کۆمسیاران نەبێت ناتواندرێت ھیچ ھەنگاو بنرێت و پێویستە ئەنجومەنێک ھەبێت بۆ ئەوەی کۆمسیۆن دەست بە ئامادەکاریەکان بکات، بۆیە چاوەرێی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات، بۆیە گرنگە پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی بکرێت و کۆمسیۆن کارا بکاتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار