ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەكی یەکلاكهرهوه دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دیاریکردنی ئەندامان و پێکھێنانی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لەوێ باس لە ھەموو وردەکاریەکان دەکرێت و ھەر لایەنێکیش چەند لیژنەی بەردەکەوێت و کامە لیژنەشی پێ دەدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆر ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وادەی دیاریکردنی پێکھێنانی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە و ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبیتەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی لیژنە ھەمیشەکان دیاری بکرێن و لەو کۆبوونەوەیە لیژنەکان یەکلایی دەکرێنەوە".
لەبارەی ئەوەی پشکی پارتی سەرۆکایەتی چەند لیژنە و کامە لیژنە دەبێت، د.ڤیان سەبری گوتیشی: "جارێ نامانەوێت پێش یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە بکەوین و با ڕۆژی دووشەممە کۆبینەوە ئەوکات یەکلایی دەکرێتەوە، کە لیژنەکان چۆن دابەش بکرێن و ھەر لایەنێکیش چەند لیژنەی بەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمان لەبارەی دیاریکردنی ئەندامانی لیژنە ھەمیشەییەکان کۆدەبنەوە و لیژنەکان پێکدەھێندرێن".
بڵند ئیبراھیم




