قایمقامی مەخموور: مۆڵەتمان وەرگرتووە بۆ زیادکردنی بارھەڵگرەکانی مەخموور

هەولێر -KDP.info- بە ھەوڵی قایمقامی قەزای مەخموور ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا مۆڵەتی بۆ ژمارەیەک بارھەڵگر دەرکرد تا پێداویستیی خەڵکی مەخموور دابین بکرێت و قایمقامی مەخمووریش دەڵێت، لەمەودوا کەلوپەل بۆ بازاڕی ناحیەی قەراجیش دابین دەکرێت.
ڕزگار محەمەد، قایمقامی مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێش ماوەیەک ھێزە عێراقییەکان لە بازگەی مەخموور ھاوردەکردنی کەلوپەلیان لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بازاڕی مەخموور قەدەغە کردبوو، بەڵام لە قۆناغی یەکەم توانیمان مۆڵەت بۆ ژمارەیەک بارھەڵگر وەربگرین، تا ڕۆژانە لە ھەولێر کەلوپەل و خواردەمەنی بگەیەننە قەزای مەخموور.''
قایمقامی مەخموور دەشڵێت: ''دوای ھەوڵێکی دیکە لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی نەینەوا توانیومانە مۆڵەت بۆ ١٠ بارھەڵگری دیکەش دەربکەین، تا ڕۆژانە پێداویستیی مەخموور دابین بکەن.''
ڕزگار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو بارھەڵگرانە جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناو مەخموور مۆڵەتیان پێ دراوە کەلوپەل و پێداویستی بۆ ناحیەی قەراج و کەمپی ئاوارەکانیش دابین بکەن، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە تا کێشەی کەمیی کەلوپەل چارەسەر بکرێت و پێداویستیی بازاڕ پڕ بکرێتەوە.''
قائید میرۆ




