٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خاتوو کانان، پارتی بانگھێشت کرد بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر پێشوازی لە دکتۆر کانان ئەتلیگان لە دەزگای کۆنارد ئاردناوەر کرد.

شاندێکی باڵای دەزگای کۆنارد ئاردناوەر نزیک لە پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا لەلایەن بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لێکران، بەڕێز ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی بە ناوی سەرکردایەتی پارتییەوە سوپاسی دکتۆر کانان و تیمەکەی کرد، لە ڕێگای ئەوانیشەوە پارتی کریستیان دیموکرات کە ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان لە شەڕی تیرۆر، دوایین پێشھاتەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا بەتایبەتی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە لێکدانەوە ھەڵەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کردوو، گووتی، دادگای باڵای عێراق بۆتە بەشێک لە ململانێ سیاسیەکانی عێراق و دروستکردنی گرفتی زیاتر لە نێوان لایەنەکانی وڵاتان و گەیشتن بە چارەسەر زەحمەت کردووە لە ئەنجامی بەھەڵە لێکدانەوەی ماددە دەستووریەکان، ھەروەھا وتیشی، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان سەرتاپا ئەو بڕیارانە بە سیاسیی دەبینن بەرگری لە مافی گەلی کوردستان دەکەین بەو شێوەی لە دەستووردا ھاتوە، وە بیری دادگا و لایەنەکانی دیکەی دێنینەوه‌ کە عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵیە نە ناوەندی، بۆیە دەبێت بڕیاری دادگا و حوکمڕانی دەوڵەت لەسەر ئەو بنەمایە بێت.  

پێکھێنانی حکوومەتی فیدڕاڵ بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، سیوەیلی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند بە ڕاسپاردەی ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سوننەکان سەردانی سەید موقتەدا سەردیان کرد، وە ئێمە بەردەوام دەبین لە ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بتوانن حکوومەتێکی کارا و بەھێزی دیموکراتی لە عێراق دابمەزرێنن تاکو بتوانێت ڕووبەرووی ئەو بەربەستانە بێتەوە کە وڵاتی بە ئەمڕۆ گەیاندووە، ئومێدمان وایە بتوانن لە ئاستی چاوەڕوانی داواکاری خەڵکدا بین. 

دکتۆر کانان بەرپرسی بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە دەزگای کۆنارد ئاردناوەر باسی لە کار و چالاکی دەزگای ناوبراوی لە جیھان بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە تایبەتی کرد لە بوارە جیاوازەکاندا، دەزگای کۆنارد ئاردناوەر لە ھەرێمی کوردستان و عێراق چالاکن لە بوارەکانی پێگەیاندنی کاردی سیاسی و ئابووری و حکوومی لە ھەمانکاتدا لێکۆڵینەوە دەکەن بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ کێشە و جیاوازیەکان و دەرکەوتنەوە لە ئالۆزی ململانێ، بەڕێزیان ئامادەیی خۆی و تیمەکەی دەربڕی بۆ ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم بۆ پێشخستن و ڕاھێنانی کادیری نوێ لە ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بۆ بەشداری کارای سیاسی و حوکمڕانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان.

خاتوو کانان بەفەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی بانگھێشت کرد بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ساڵانەیان دەربارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئامانج لێی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیە بۆ گرفت و کێشە ھەڵواسراوەکان، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لە ھاوکاری و گرنگی کار و پێکەوەکردن کردەوە ئامادەیی پێشاندا بۆی. 

هەواڵی پەیوەندیدار