حکوومەت ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دابینکردنی بوودجەی ھەڵبژاردن

ھەولێر-KDP.info- دانوستانی لایەنەکان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن و ڕاوێژکارێکی پەرلەمانیش دەڵێ، ئەگەر لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن حکوومەت ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دابینکردنی بوودجەی ھەڵبژاردن.
دکتۆر وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێت ھێشتا کات ماوە بۆ دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەش پێویستە لایەنەکان تا کۆتایی ئەم مانگە بڕیاری خۆیان بدەن و بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی داھاتوو، بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتەش بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دراوە ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکات".
ڕاوێژکارەکەی پەرلەمان دەڵێت: "کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کارێکی ئاسانە و دەکرێ بە دوو سێ کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و دەست بە ئامادەکاریەکان بکرێت، چونکە حکوومەتیش ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دابینکردنی بوودجەی ھەڵبژاردن".
لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن د. وەعدی مزووری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "کاتەکە گونجاو نیە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، چونکە ھەموارەکە کاتی زۆری دەوێت و دەبێتە ھۆی دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، لەبەر ئەوەش ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بەھانەیە بۆ ئەوەی کاتی ھەڵبژاردن دوا بخرێت و پێموایە کێشە لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نیە".
قائید میرۆ




