٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی بۆ KDP: ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی ئێران بۆ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، بۆ باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران چەند ھەنگاوێک دەنرێت، لەوانە ھەرێمی کوردستان دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی ئێران و تورکیا و وڵاتان و زیارەتکارانی ئێران لە ڕێگەی ھەرێم سەردانی مەزارەکانی عێراق بکەن و چەندین ئاسانکاری بۆ زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بکرێت.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شاندێکی وڵاتی ئێران بەسەرۆکایەتی پارێزگاری ئورمیە و دەستەیەکی ٢٠ کەسی کە شارەزای بواری بازرگانین سەردانی ھەولێریان کردوو لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر کۆبوونەوە، مەبەست لەو سەردانەش بۆ ئەوەیە بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بەھێزتر و زیاتر بکرێت، لەوانە مەرزی حاجی ئۆمەران ئاسانکاری زیاتری بۆ بکرێت و بەربەستەکان ھەڵگرن و ھەرچی کێشەی تەکنیکیە چارەسەر بکەن و ئاسانکاری تەواو بۆ ھاتووچۆی بازرگانی بکرێت، چونکە ئەوانەی ھاتوون ھەمووی شارەزای بازرگانین، بۆیە چەندین خاڵە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندی و کارە بازرگانیەکان بدرێت".

بەڕێوەبەری پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتیشی: "شاندەکە سەردانی زاخۆ و ئەمڕۆش دھۆک دەکەن و سبەش لەگەڵ یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی کۆدەبنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە  کە کەلوپەلی ئێرانی لە ڕێگەی دھۆک و ئیبراھیم خەلیل ڕەوانەی تورکیا و وڵاتان بکرێت و ھەرێم ببێتە دەروازەیەک بۆ ڕەوانەکردنی کەلوپەلی ئێران بۆ تورکیا وڵاتان".

ئاکرەیی ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش ڕێگە بە زیارەتکارانی ئێران کە بۆ کەربەلا و سامەرا و نەجەف بۆ زیارەتی مەزارەکان دەچن بدرێت، لە ڕێگەی ھەولێر بچن بۆ شوێنە پیرۆزەکانی خۆیان، ئەوەش لەڕێگەی سێ کۆمپانیا دەکرێت، یەکێک لە ھەرێم و یەکێک ئێرانی و یەکێکیش لە عێراق ئاسانکاری و سەرپەرشتی ھاتووچۆی زیارەتکاران بکەن، چونکە ئێستا لە مەرزەکانی عێراق ھاتووچۆ دەکەن، بۆیە ئەو خاڵانە زۆر گرنگن بۆ زیادبوونی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران و دۆخی ئابووری باشتر دەکات، بۆیە ھەردوولا جدین بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە".

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار