٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەڵگورد نەجیب: ئەمساڵ ١٧ ملیار دینارمان بۆ ٦٠ پڕۆژە بۆ تەرخانکراوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ لە چوارچێوەی دابینکردنی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بوودجەی تایبەت و جیا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابینکراوە، کە نزیکەی ١٧ ملیار دینارە و بڕیارە نزیکەی ٦٠ پڕۆژەی پێ ئەنجامبدەین، کە تەواوی پڕۆژەکانیش خزمەتگوزارین و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی ناوچەکانیش پڕۆژەکان ئەنجام دەدرێن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەڵگورد نەجیب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمساڵ لەچوارچێوەی دابینکردنی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بوودجەیەکی تایبەتیش بۆ ئیدارەی سۆران دابینکراوە بەجیا، وەکو ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بڕی ١٦ ملیار و ٨٩٠ ملیۆن دینارە و ئێمەش چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری پێ ئەنجام دەدەین لە سۆران بەگشتی بە قەزا و ناحیەکانیەوە، زیاتریش پڕۆژەکان لە بواری ڕێگاوبان ئەنجام دەدەین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتیشی: "بەپێی ئەو بوودجەیی دابینکراوە نزیکەی ٦٠ پڕۆژەی پێ ئەنجام دەدرێت، کە پڕۆژەکانیش خزمەتگوزارین، جگە لە ڕێگاوبان لە بواری ئاو و کارەبا و پەروەردە و بوارەکانی دیکەی خزمەتگوزاریش پڕۆژە ئەنجام دەدەین، بۆیە بوودجەکە دابینکراوە و ڕێکارەکانی خەرجکردن تەواوبێت لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان دەکرێت".

ھەڵگورد نەجیب گوتیشی: "پڕۆژەکانیش لە سەنتەری سۆران و مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز، حاجی ئۆمەران و سیدەکان و ھەموو ناوچەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت بۆ ھەر ناوچەیەکیش چەند پڕۆژەیەک ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕەنگە لە ھەندێک شوێن پێویستی بە پڕۆژەی زیاتر بێت لەوێش پڕۆژە ئەنجام دەدەین و ڕەچاوی پێویستی ناوچەکان دەکەین".

 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار