پۆلیسى هه‌ولێر: تۆمەتبارانی خواره‌وه هەریەکە ئەرکێکی هەبووه لە ڕێکخستنی تاوان

هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، له هه‌ولێر باندێكى پێنج كه‌سی ده‌ستگیر كراون، كه (GPS)یان لەنێو ئۆتۆمبێل دادەنایەوە و دواتر دەیاندزی.
ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: "پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلى هاووڵاتییه‌ك لە جۆری (مێرسیدس) لە شاری هەولێر دەدزرێت، هێزەکانمان لە بەشی نەهێشتنی تاوان لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕیان ده‌ست پێكرد، توانییان شوێنی تۆمەتباری سەرەکیی ئەنجامدەری تاوانی دزینی ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی (ح. ع. ع) بدۆزنەوه و تۆمه‌تبار دەستگیر بکەن".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو: "تۆمه‌تباره‌كه له كۆمپانیای به‌ستانى (GPS) له كاتى به‌ستانى GPS بۆ ئۆتۆمبێلیك و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیرا، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەدا نا، کە لەگەڵ هەریەک لە تۆمەتباران (س.س. خ)، (ا.ت. ح)، (ی.ا.ع) و (ع.ف.م) ئۆتۆمبێلیان ده‌كڕى، پاشان ئامێری GPSیان لەناو ئۆتۆمبێلەکان دادەنا و سویچیان کۆپی دەکرد و کۆپییەکیان لای خۆیان دەهێشتەوە، پاش ماوەیەک لە ڕێگای ئامێری GPS شوێنەکەیان دەستنیشان دەکرد و دەیاندزی، هه‌روه‌ها لەلایەن ئەم باندەوه حه‌وت ئۆتۆمبێل بۆ دزین ئامادە کرابوون، هێزەكانمان توانییان تۆڕی GPS هەڵبوەشێنینەوە، تاوه‌كوو تۆمەتباران نەتوانن ئۆتۆمبێلەکان بدزن".
پۆلیسى هه‌ولێر ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه، تۆمەتبارانی خواره‌وه هەریەکە ئەرکێکی هەبوو لە ڕێکخستنی تاوانی دزین کە ئەنجامیان دەدا:
1- تۆمەتبار (ا.ت.ح) کاری ئەوە بوو پارەیان پێ بدات بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بکڕن.
2- تۆمەتبار (س. س. خ) بیرۆکەکە هی ئەو بووە و ڕێکخستنی کارەکان و کڕینی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن ئەو ئەنجام دەدرا.
3- تۆمەتبار (ح. ع. ع) ئەرکی ئەوە بوو کە ئامێری GPSی لەناو ئۆتۆمبێلەکان ببەستێت.
4- تۆمەتبار (ی. ا. ع) کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانی ئەنجام دەدا.
5- تۆمەتبار (ع. ف. م) کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات.
له ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا پۆلیسى هه‌ولێر سوپاسی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئاسایشی هەولێر و گشت هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر دەكات، کە هەمیشە لەگەڵ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاوکار و هەماهەنگ بوونە و وەک یەک تیم کار کراوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و پاراستنی ئەمنیەت و سەروماڵی هاووڵاتییان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا".
ڕامان وریا




