٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کونسوڵی گشتیی هەنگاریا: وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ئەتیلا تۆس، کونسوڵى گشتیى هەنگاریا و شاندی یاوەری کرد. هەنگاریا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لەدژی داعش و شەڕی تیرۆر و، هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات. هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی میللەت و حکوومەتی هەنگاریای کرد کە پاڵپشتیی گەلی کوردستانیان کردووە و ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە شەڕی تیرۆر و ئێستاش بەردەوامن.

لەو دیدارەدا باس لە دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فێدراڵ. سیوەیلی ڕایگەیاند: ''پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕێنمایی جەنابی سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵێک دەدات کە حکوومەتی داهاتووی فێدراڵ لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێت و هاوبەشی و هاوسەنگیی ڕاستەقینە لە نێوان نەتەوەکانی عێراقدا هەبێت، بە جۆرێک کە هەموو لایەک لە بڕیار و حوکمڕانی دەوڵەتدا بەشداری بکەن و هیچ پێکهاتەیەک هەست بە گۆشەگیری نەکات.''

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە دوایین بڕیاری دادگای باڵای عێراق کرد و بە بڕیارێکی سیاسی و دوور لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقی لە قەڵەم دا.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''سیستەمی سیاسی و دەستووری عێراق فیدراڵییە و دەستوور بەڕوونی باسی لە دەستەڵات و مافی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم کردووە.  حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و ماددەکانی دەستوور سیستەمی حوکمڕانی و سیاسی و ئابووریی خۆی پێڕەو دەکات. لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەشێکی زۆری ماددەکانی دەستوری پێشێل کردووە، بەڵام دادگای فیدراڵ بێدەنگی هەڵبژاردووە و بە فشار و ئەجێندای سیاسی بڕیار دەردەکات.''

بەشێکی دیداری نێوان شاندی میوان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختکردنەوە بوو لە هەماهەنگیی زیاتر و بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەنگاریا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەر لەم دیدارەدا بەڕێز ئەتیلا تۆس، کونسوڵى گشتیى هەنگاریا، ڕایگەیاند: ''وڵاتەکەی لە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاشتی و باشترکردنی خزمەتگوزاری و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا.''

بەڕێز تۆس باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی ساڵانە پشتیوانیی تەواو بۆ سی قوتابی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات بچنە وڵاتەکەی بۆ خوێندنی باڵا لە بوارە جیاوازەکاندا و ئەمەش بەردەوام دەبێت.

کۆنسوڵی گشتیی باسی لە بەرەو پێشچوونی بازرگانی و پەیوەندیی ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و هەنگاریا کرد و دووپاتی کردەوە کە پەرەی پێ دەدەن. سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان جێگای بایەخە و هەموو پشتیوانییەکی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاراستنی.

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆر بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو، کە هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و هەنگاریا کردەوە لە تەواوی بوارەکاندا کە لە خزمەت هەردوو گەلدا بێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار