نەدا مێرگەسۆری: بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێڵکاری و بڕیارە سیاسییەکانی بەغدا، پێویستە لە نووسینەوەی دەستووری هەرێم پەلە بکرێت

لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، خاتوو نەدا مێرگەسۆری، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتار و بڕیاردەری لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵی دادگای فیدڕاڵی لە یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی عێراقدا) پێشکەش کرد.
ناوبراو سەرەتا بە تێروتەسەلی پێکهاتە و جومگەکانی دەوڵەتی فیدڕاڵیی شی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لەو سیستەمەدا دەسەڵاتەکان لە نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و هەرێمەکاندا دابەش دەکرێن و شەڕاکەتی ڕاستەقینە و یەکگرتوویی ڕێژەیی لە ناوخۆ و یەکگرتوویی تەواو لە دەرەوە پەیڕەو دەکرێت.
ئاماژەشی بەوە دا کەوا دادگای باڵای ئیتیحادی کە بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاتووەتە دامەزراندن، هیچ یەکێك لە بنەماکانی سیستەم و دەوڵەتی فیدڕاڵی لەبەرچاو نەگرتووە، کاتێك بڕیارەکانی لەدژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە. هەروەها ژمارەیەك فاکتەری باسکردن کەوا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دامەزراندنی ئەو دادگایە و ئەو هەموارکردنانەی کە بەسەر یاساکانی پێکهێنانیدا هاتوون، نادەستوورین.
لە درێژەی قسەکانیدا، خاتوو نەدا مێرگەسۆری باسی ئەوەی کرد کەوا بڕیارەکانی ئەو دادگایە، بەتایبەتییش ئەوانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پێشهاتی خراپن و بەسیاسی کراون و ئەو دادگایە بەپێی دۆخی سیاسیی عێراق کاریگەریی تێ دەکەوێت، بڕیارەکانی دادگاکەشی لە دوای ڕیفراندۆم و ڕێگەگرتن لە بەربژێرکردنی بەڕێز هۆشیار زێباری، دواتریش بڕیاری تایبەت بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی وەك نموونە هێنایەوە.
گوتیشی: ''بڕیاری ئەم دوایەی دادگا نادەستوورییە، چونکە پشتی بە ماددەکانی ١١٠، ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق بەستووە. ماددەی ١١٠ باس لە مافە حەسرییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات و بە هیچ جۆرێك نەوت و گاز بەشێك نین لەو مافانە. ماددەی ١١١ باس لەوە دەکات کەوا نەوت موڵکی هەموو گەلانی عێراقە و ماددەی ١١٢ەش ئاماژە بەوە دەکات کەوا هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان بکرێت لەو کێڵگانەی کە لە کاتی تێپەڕاندنی دەستوور هەبوون. بۆیەش ئەو بڕیارەی دادگا دەستووری ینیە و لەدژی ماددە پەیوەندیدارە ڕوونەکانی دەستووری وڵاتن.''
مێوانی وێبینارەکە هەروەها ئاماژەی بەوە دا کەوا دادگای ئیتیحادی ماددەی ١١٥ی دەستووری عێراقی پشتگوێ خستووە کە دەڵێت هەرێمەکان مافی بڕیاردانیان هەیە لە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە حەسری نین بۆ حکوومەتی ئیتیحادی و ئەگەر جیاوازی لە نێوان یاسایەکی فیدڕاڵی و هەرێم هەبێت، ئەوا یاساکەی هەرێم پێش دەخرێت و هەرێمەکان مافی هەموارکردنی هەر یاسایەکی فیدڕاڵییان هەیە لە کاتی پێویستدا.
ئاماژەی بەوەش دا: هەر دادگایەکی بێلایەن پێداچوونەوە بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمدا بکات بۆی دەردەکەوێت کەوا کۆی دۆسیەکە و گرێبەستەکان دەستوورین و هیچ پێشێڵکارییەکی یاساییان تێدا نییە.
خاتوو نەدا مێرگەسۆری هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەتوانین ڕووبەڕووی تەحەدیاتەکان ببینەوە و ڕێگە لە پێشێڵکردنی دەستوور و مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان بگرین.
ڕوونیشی کردەوە: "ئەگەر هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری نووسراوی خۆی بووایە، ئەوا تووشی زۆرێك لەو کێشانەی ئێستا نەدەبووینەوە. بۆیەش بە بەردەوامی ئەوە دەڵێین کەوا پێویستە ئەولەویاتی هەرێمی کوردستان نووسینەوەی دەستووری هەرێم بێت بۆ ئەوەی وەك سەرچاوەیەکی یاسایی و دەستووری ڕێگە لە زیانبەخشین بە مافە ڕەواکانمان بگرین.''




