زانا مەلا خالید: لەگەڵ فراکسیۆنەکان ڕێککەوتووین بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن

هەولێر -KDP.info- وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، فراکسیۆنەکان لە نێوان خۆیان ڕێک کەوتوون ھەر لایەنێک بیەوێت یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، پێویستە پڕۆژە پێشکەش بکات و دەشڵێت، فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن نییە بەھۆی کەمیی کاتەوە.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان گەیشتووینەتە ڕێککەوتن ھەر فراکسیۆنێک داوای ھەموار یاسای ھەڵبژاردن بکات، ئەوە پێویستە پڕۆژەی ھەبێت و پڕۆژەکەی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان بکات، ئەمە لە دواین کۆبوونەوە بۆچوونی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بووە.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن نین، چونکە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کاتی پێویستە و کاتیش درەنگە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن بدرێت.''
زانا مەلا خالید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەر پڕۆژەیەک لەلایەن ھەر فراکسیۆنێکەوە پێشکەش بکرێت بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، ئەوە پێویستە ڕێککەوتنی سیاسیی لەسەر ھەبێت و ئێمەیش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیایی ئەوەمان بە لایەنەکان داوە کە زۆرینەی خۆمان ناسەپێنین لەسەر ھیچ پڕۆژەیەک بۆ ھەمواری ھەڵبژاردن.''
قائید میرۆ




