بە گوژمەی نزیکەی ١٠ ملیار دینار پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
_(11)__2022_02_22_h16m25s40__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی نزیکەی ١٠ ملیار دینار ڕەزامەندیی لەسەر ١٢ پڕۆژەی ڕێگاوبان داوە و پارەیان بۆ خەرج کراوە و جێبەجێ دەکرێن.
ئاگرین عەبدوڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو ١٢ پڕۆژەمان پێشکەش کردبوو، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر داوە و گوژمەی خەرجکراو ٩ ملیار و ٩٥٧ ملیۆن دینارە و پڕۆژەکانی لە بواری ڕێگاوباندان لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین.''
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''پڕۆژەکانیش بریتین لە ڕێگای سماقوڵی بۆ ھیزۆپ لە ھەولێر ملیارێک و ٧٩٣ ملیۆن دینار و چاککردنەوەی بەشێکی ڕێگای سماقوڵی بۆ ھیزۆپ کە ١٧٦ ملیۆن دینار و ڕێگای گوندی چنارە زلزلە لە سلێمانی ٢٧٩ ملیۆن دینار و ڕێگای بەرزنجە بۆ باراوە ملیارەک و ٨١٢ ملیۆن دینار، ئەویش لە سلێمانی و ڕێگای باساک لە سلێمانی ٨٠٧ ملیۆن دینار و ڕێگای سەسیر بۆ زەلان سیوەیل لە سلێمانی ٢ ملیار و ١٦٧ ملیۆن دینار ورێگای گوندی شانەدەری سەروو لە سلێمانی ١٤٤ ملیۆن دینار و ڕێگای گوندی سویلەمیش لە سلێمانی ٤٣٥ ملیۆن دینار و ڕێگای گوندی تەکیە بۆ مالوومە و کانی مستەفا لەسلێمانی ٨٥٦ ملیۆن دینار و ڕێگای گوندی ھەلونە بۆ نولچە و لوتەر لە سلێمانی ٥٢٥ ملیۆن دینار و ڕێگای سەرچاوە بۆ ملەی کەچینە و ناحیەی سیروان لە ھەڵەبجە ٧٤٣ ملیۆن دینار و ڕێگای گوندی دێری بۆ کەپکان لە ڕاپەرین ٢٢٠ ملیۆن دینار، ھەر یەکەیان بەو شێوەیە پارەیان بۆ خەرج کراوە.''
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ''ئێستا ئەو پڕۆژانە لە قۆناغی تەندەرین و ڕاگەیاندندان بۆ ئەوەی بدرێنە وەبەرھێنەر و جێبەجێ بکرێن و ھەر ١٢ پڕۆژەکە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە بۆ ئەوەی بکەوێنە خزمەتی ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانەوە.''
بڵند ئیبراھیم




