٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوایین ئاماری قوربانیانی ئێزدی لەسەر دەستی داعش

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نووسینگەی رزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش بڵاوی کردەوە، کە بەپێی دوایین ئاماری ڕزگاربوو ئەوانەی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ماون تا ئێستا ئەوانەی رزگارکراون ژمارەیان ٣ ھەزار و٥٥٢ کەسە، کە ھەزار و ٢٠٧ ئافرەت و ٣٣٩ پیاو و ھەزار و ٥٠ کچ و ٩٥٦ منداڵە، ھەروەھا ئەوانەی لەدەستی داعش ماون ٢ ھەزار و ٧١٩ کەسە، کە ھەزار و ٢٧٤ ڕەگەزی مێ و ھەزار و ٤٤٥ رەگەزی نێرە.

نووسینگەی رزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش، تازەترین ئاماری قوربانیانی دەستی داعش کە دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامداوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ٨ی٣ تا ٢٢ی٢ی٢٠٢٢ کە ئەو ئامارە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێداناوە و بڵاویکردۆتەوە و کۆپیەکیشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، کە تێیدا ھاتووە، ژمارەی کوردانی ئێزدی ٥٥٠ ھەزار کەسە و ژمارەی ئاوارەکانیش ٣٦٠ ھەزار کەسە و١٥٠ ھەزار کەسیش گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و ژمارەی ئەوانەی شەھیدیش بوونە ھەزار و ٣٩٣ شەھیدە و ژمارەی ئەوانەی دایک و باوکیان لە دەستداوە  ٢ ھەزار و ٧٤٥ و تا ئێستاش ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و بەدەیان گۆڕی تاکەکەسیش دۆزراوەتەوە و ئەو شوێنە ئاین و مەزارانەی تەقێندراونەتەوە ٦٨ مەزارە و ئەوانەی بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە ١٠٠ ھەزار کەسە.

لەئامارەکەدا ھاتووە، ژمارەی ئەوانەی لەلایەن داعش ڕفێندراون ٦ھەزار و ٤١٧ کەسە کە لەوانە ٣ ھەزار و ٥٤٨ ڕەگەزی مێ و ٢ ھەزار ٨٦٩ ڕەگەزی نێرە، ئەوانەی رزگارکراون ژمارەیان ٣ ھەزار و ٥٥٢ کەسە، کە ھەزار و ٢٠٧ ئافرەت و ٣٣٩ پیاو و ھەزار و ٥٠ کچ و ٩٥٦ کوڕ.

بەپێی ھەمان ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، ئەوانەی ڕفێندراون و شەھیدکراون و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە، ژمارەیان ١٤٦ کەسە و ئەوانەی لە دەستی داعش ماون ٢ ھەزار و ٧١٩ کەسە، کە ھەزار و ٢٧٤ ڕەگەزی مێ و ھەزار و ٤٤٥ ڕەگەزی نێرە.

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار