٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساسان عەونی: سەرۆکی حکوومەت بایەخدان بە قوتابیانی خستووەتە پێشینەی بایەخەکانییەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی 69مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا بەشداریی کرد و سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی بە ئەندامانی ڕێکخراوی قوتابیان گەیاند.

ساسان عەونی لە درێژەی وتەکانیدا بە بۆنەی یادی دامەزرانی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان لە ساڵی 1953دا هیوای بەردەوامیی بۆ ڕێکخراوەکە خواست و گوتی: ''بۆ من جێگای شانازییە کە پێشتر ئەندام و دواتر وەکوو سکرتێری ڕێکخراوە ڕەسەنەکەتان بووم و ئێستا کە ئێوە دەبینم هەمان گوڕوتینی ئەوکات وەردەگرم و سوورتر دەبین لە خزمەتکردنی میللەتەکەمان''.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕێکەوتی هەستیاری مێژوویی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە 69 ساڵ لەمەوپێشدا کرد و گوتی: ''ڕاستە ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان بە تەمەن دێرینترینن، بەڵام بە کار و چالاکی و خەبات و بەردەوامی و نوێبوونەوەتان گەنجترین و پێشەنگن.''

ساسان عەونی گوتیشی: ''سەرکردایەتیکردنی بزاڤ و هەڵسوکەوت لەگەڵ داخوازییەکانی توێژێکی هەستیار و بەجووڵە و پڕ وزە و هیوا و ئاوات و ئاسۆ ڕوونی وەکوو قوتابیان کەسانی شارەزا و ڕێکخراوی بەئەزموون و سەرکردایەتیی کارامەی دەوێت، کە بتوانێت ئەو هەموو دیدگا و خولیایە لەخۆ بگرێت و یەکیان بخات و بە ئاڕاستەی خزمەتی نیشتمان و بنیادنانی وڵات پێشڕەوییان بکات، ئەمە نەریتی بەردەوام و نەپساوەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە، بۆیە سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوییەکان بەردەوام و لە مەیدانن و کار و بەرهەمتان دیارە و ڕووگەیەکی درەوشاوەن بۆ قوتابیانی کوردستان''.

نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕۆڵی یەکێتیی قوتابیان وەکو ڕێکخراوێکی زانستخواز و پیشەیی لە بواری هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و بڵاوکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و کارکردن لەسەر پاراستنی ناسنامەمان جێپەنجەتان دیارە.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد کە بواری پەروردە و خوێندنی باڵا وەکو مەیدانی سەرەکیی کاری قوتابیان یەکێکە لە گرنگترینی ئەو سێکتەرانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆری پێ دەدات و کاری بنیادنەرانەی تێدا دەکات، هەر لە مەنهەج و مێتۆدی خوێندن تا بینای باخچە و قوتابخانە و کۆلیژ و پەیمانگاکان و دابینکردنی مامۆستا و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان و چاپکردنی کتێب و دابینکردنی کەرەستەی فێربوون و کەرەستەی نێو تاقیگەکان کەش و ژیانی نێو بەشە ناوخۆییەکان و هەمووی ئەوانە لە ئەولەویەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ئەجێندای کاری جەنابی سەرۆکی حکوومەتدا لە ڕیزبەندیی پێشەوەن.

هەر لەو بوارەدا باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەهەمیشەییکردنی ژمارەیەک مامۆستای گرێبەستی دا و بڕیاریش درا سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێن کە ئەمە دەرفەت و هاندانێکی باشە بۆ قوتابیان.

نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری وەکوو پێشینەی مانگانە و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخان کرد.

گوتیشی، ئەمانە سەلیمێنەری ئەو ڕاستییەن کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردە و بایەخدان بە قوتابیانی خستووەتە پێشینەی بایەخەکانییەوە، هەوەک چۆنە لەناو ئەو دۆخە قەیراناوییەدا دەیان قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە. هەروەها جەنانی سەرۆکی حکوومەت خۆی بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکاریی قوتابیانی هەموو قۆناغەکانی خوێندن دەکات  و تاکو ئێستا چەندان دیداری ڕاستەوخۆی لەگەڵ قوتابیان کردووە.

گوتیشی، حکوومەت کار دەکات بۆ ئەوەی باڵانسی پسپۆڕیی خوێندنی قوتابیان و بڕوانامەکان لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕدا هاوسەنگ بێتو دەرفەتی کار دروست بکات، بۆیە بەردەوام پشتگیری لەو پرۆژانە دەکات کە دەستی کاری ناوخۆیی بەکار دەخەن و دەرفەتی کار بۆ دەرچوان دەڕەخسێنن.

ئاماژەی بە پشتیوانیی حکوومەت لە کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا کرد بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە لە ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان کە کەرتی گشتی و ناوەندە حکوومییەکان ناتوانن لە خۆیانی بگرن، کە ئەوەش بە چاودێریی بەرزی زانستی و کارگێڕی دەکرێت.

گوتیشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پەیوەندی لە نێوان دامودەزگا حکوومییەکان و وەزارەتەکان لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخات بە مەبەستی تێهەڵکێشکردن و سوودوەرگرتنی دەزگا حکوومییەکان لە ڕاوێژە زانستییەکانی زانکۆکان.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار