ئهو ھاووڵاتیانهی یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە ڕێگە نادەین مافیان بخورێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەکۆی ١٠ پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان شەشیان چارەسەر بوونە و چواریشیان ماون و خەریکی چارەسەرکردنیانین.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارمانداوە لەماوەیەکی نزیکدا کێشەی پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین و بەشێکمان چارەسەر کردوون و ئێستاش چوار پڕۆژەی دیکە ماون و خەریکین ئەوانیش چارەسەر دەکەین، ھەروەھا ڕێگە نادەین مافی ھیچ ھاووڵاتیەک بخورێت کە لەو پڕۆژانە یەکەی نیشتەجێبوونی کڕیوە".
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "لە دھۆک سێ پڕۆژە چارەسەر بوون، لە ھەولێر سێ پڕۆژە چارەسەر بوونە و لە کۆیەش یەکێک ماوە، ھەروەھا لەسلێمانیش یەکێک کە کێشەکەی زۆر نیەو لەماوەیەکی زۆر نزیک ئەویش چارەسەر دەبێت، ھاوکات ھەر لە ھەولێریش دوو پڕۆژەی دیکە ماون چارەسەر بکرێن، بۆیە ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە کێشەکان بەتەواوی چارەسەر دەکرێن و ھەر پڕۆژەیەک کێشەی ھەبێت بڕیاردراوە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت جا کێشەکەی ھەر چۆنێک بێت".
بڵند ئیبراھیم




