تا ئێستا شەش خول بۆ ڕاھێنانی ھێزی پێشمەرگە لەسەر چەکی کیمیایی کراوەتەوە

ھەولێر -KDP.info- فەرماندەی سریەی کیمیایی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، کردنەوەی خول بۆ ئەفسەر و کارمەندانی پێشمەرگە بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا شەش خولیان کردووەتەوە و ئێستاش خولێکی دیکە کراوەتەوە کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
موقەدەم ئیسلام چاڵی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سریەی کیمیاییی وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستا شەش خولی کیمیاییی بۆ ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە کردووەتەوە، خولەکانیش لەسەر چۆنیەتیی خۆپاراستن لە چەکی کیمیایی و چۆنیەتیی لەبەرکردنی ماسک و جلوبەرگی تایبەت بە خۆپاراستن لە چەکی کیمیایییە.''
فەرماندەی سریەی کیمیاییی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''لە خولەکاندا ئەفسەران و کارمەندانی پێشمەرگە ڕاھێنانیان پێ دەکرێت لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئامێری ئاشکراکردنی چەکی کیمیایی.''
چاڵی گوتیشی: ''ئێستا خولێکی دیکەمان بۆ ھێزی پێشمەرگە کردووەتەوە کە ماوەی دووم مانگ بەردەوام دەبێت و بەردەوام خولمان ھەیە بۆ ڕاھێنانکردن بە ھێزی پێشمەرگە لەسەر چەکی کیمیایی.''
بڵند ئیبراھیم




