"نەخۆشخانەیەکی گشتی لە قەزای شێخان دروست دەکرێت"

شێخان-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای شێخان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە شێخان بەردەستن بۆ ھاووڵاتییان و بڕیارە نەخۆشخانەیەکی گشتی لە سنووری شێخان دروست بکرێت لەسەر داواکاریی ئێمە.
د. کەریم کەمال، بەڕێوەبەری تەندروستیی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری قەزای شێخان لە ڕێگەی ٢٥ بنکەی تەندروستییەوە خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە ھاووڵاتییانی سنوورەکە دەکرێت و لەنێو کەمپەکانی ئاوارەکانیشدا بنکەی تەندروستی کراونەتەوە و ڕۆژانە دانیشتوانی سنووری قەزای شێخان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.''
بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای شێخان گوتیشی: "داوامان کردووە نەخۆشخانەیەکی ٤٠ تەختی لەنێوان چرە و کەلەکچی بکرێتەوە، چونکە نزیکەی ھەشتا ھەزار ھاووڵاتی نیشتەجێی ئەو سنوورەن و پێویستیان بە نەخۆشخانەی گشتی ھەیە، بڕیارە نەخۆشخانەیەک لەو سنوورە دروست بکرێت.''
د. کەریم کەمال ڕوونی کردەوە: "ھەموو ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی لە شاری دھۆک پێشکەش بە نەخۆش دەکرێن لە سنووری قەزای شێخانیش بەردەستن بۆ ھاووڵاتییان و ئێستا پلانی ئێمە وەک تەندروستی زیاتر خۆپاراستنە نەک چارەسەرکردن، چونکە سەرەتایەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشی و کێشە تەندروستییەکان.''
قائید میرۆ




