حکوومەت و پەرلەمان پێداچوونەوە بە سیستەمی باجدا دەکەن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە بۆ بەرچاوگرتنی ڕەوشی کاسبکاران و ھاووڵاتییان پێداچوونەوە بە سیستەمی وەرگرتنی باجدا بکرێت و ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانییش دەڵێت، پێویستە یەک سیستەمی باج ھەبێت و وەرگرتنی باج نەبێتە بارگرانی بۆ خەڵکی کوردستان.
محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە گلەیی ھاووڵاتییانمان پێ گەیشتووە لەبارەی وەرگرتنی باج، بەتایبەتی گلەیی خەڵکی کاسب لەسەر زۆریی باج، لەبەر ئەوەش پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی کردووە و لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی دەکەین بۆ ئەوەی سیستەمی باج جارێکی دیکە ڕێک بخرێتەوە.''
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ماوەیەک نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بەدواداچوونی بۆ وەرگرتنی باج کردووە و چەندین پێشنیار خراونەتە ڕوو بۆ ئەوەی سیستەمی باج یەکسانیی تێدا بێت.''
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: "بڕیارە لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی پێکەوە کار بۆ جێگیرکردنی سیستەمی باج بکەن، بە شێوەیەک کە وەرگرتنی باج نەبێتە بارگرانی لەسەر ھاووڵاتییان و یەک سیستەمی باج ھەبێت و ھەمووی ڕێک بخرێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی گوزەرانی ھاووڵاتییان، ھەروەھا نابێت ھیچ باجێک لە دەرەوەی یاسا وەربگیرێت.''
قائید میرۆ




