"ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆژەکەی تەواو نەکات لێی وەردەگیرێتەوە"

ھەولێر-KDP.info- بە بڕیاری دەستەی گشتی وەبەرھێنان ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆژەکەی تەواو نەکات لێی وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە وەبەرھێنەرێکی دیکە، بەرپرسێکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، پڕۆژە تەواو نەکراوەکان بە وەبەرھێنەری نوێ دەدرێن.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستەی گشتی وەبەرھێنان بڕیاری داوە ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر تەواو نەکراون تەواو بکرێن، لە ڕابردوودا ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان بەھۆی قەیرانی دارایی و ھۆکاری جیاواز بە نیوە چلی بەجێمابوون، ئێستا ژمارەیەک لەو پڕۆژانە کارکردن تێدا دەستی پێکردووە و تەواو دەکرێن".
بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری دەستەی گشتی وەبەرھێنان ئەوەیە لە مەودوا ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆژەکەی جێبەجێ نەکات لێی وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە وەبەرھێنەری نوێ".
موخلیس سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "چەند پڕۆژەیەک ماون تا ئێستا کارکردن تێدا دەستی پێنەکردووە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە تەواوکردنیان دەکرێت و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت، چونکە یەکێک لە پلانەکانی وەبەرھێنان کۆتایی ھێنانە بەو پڕۆژانەی کێشەیان تێدا ھەبوە، کە پێشتر وەبەرھێنەرەکان ئامادەنەبوون پڕۆژەکانیان تەواو بکەن".
قائید میرۆ




