٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوان محەمەد تەھا: قۆناغێکی دیکەی دانوستان بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەستپێدەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی سێقولی لە نێوان پارتی و ھاوپەیمانی سیادە و کوتلەی سەدر بەڕێوەبچێت و بەرپرسێکی پارتیش لە بەغدا ئاشکرایکرد، ھەنگاوی دووەم دانوستانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق.

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزە و پێویستی بە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە ھەیە، لەبەر ئەوەش سەرۆک بارزانی ھەنگاوی ئەوەی ناوە کۆبوونەوەی سێقولی ئەنجامبدرێت، ئەمە لە قۆناغی یەکەم بکرێت وەک ھاوپەیمانی سیادە و کوتلەی سەدر و پارتی، دوای ئەو کۆبوونەوەیە ھەنگاوی دیکەش دەبێت بۆ لایەنەکانی دیکە، لەبەر ئەوەی دواجار کێشەکانی عێراق بە شێوەیەکی دیموکراسی چارەسەر بکرێن ئەمە نەھجی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ھەر لەسەرەتاوە".

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "مانەوەی عێراق لە قۆناغێکی وەک ئێستا لە بۆشایی دەستووری کێشەی گەورە دروست دەکات، کە عێراق خۆی وڵاتێکی پڕ کێشەیە، کۆبوونەوەکە زۆر نزیکە بەڕێوەبچێت و تەنیا کۆبوونەوەی سێقولیش ناکرێت ھەنگاوەکانی دیکەش بەدوادادێن بۆ دانوستان لەگەل لایەنەکانی دیکەی عێراق".

شوان محەمەد تەھا روونیشی کردەوە: "پێویستە عێراق گۆڕانکاری بنەڕەتی بەخۆیەوە ببینێ، چونکە کێشەکە تاکە کەس نین لە عێراق، تا زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، کێشەی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی کەسەکان نەبووە کە بەو شێوەیە وێناکراوە، لە بنەڕەتدا ئێمە دەمانەوێ عێراق بکەوێتە سەر راستەڕێ و ڕاستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی عێراق".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار