٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک چەند چالاکییەک بەڕێوەدەچن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ڕۆژی 21ی شوبات، لەلایەن رێكخراوی یونسكۆ بە رۆژی جیهانی زمانی دایك‌ دیاریكراوە، لەم ڕۆژەدا گەلان لە سەرانسەری دنیا بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژە بەرز رادەگرن، لە هەرێمی كوردستانیش چەند چالاكییەك بەڕێوە دەچن.

ئەمڕۆ وەزارەتی رۆشنبیری لە پەیامێکیدا كە بۆ ئەو ڕۆژە هاتووە، زمانی دایك بە یەكێك لە بنەما‌ و رەگەزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری هەر نەتەوەیەك دادەنرێت ‌و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێ دەدرێت. گەلی كوردستانیش وەك هەموو گەلانی تری دنیا، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، هەوڵی پاراستنی زمانەكەی ‌و بە فەرمی ناسینی داوە.

باس لەوەش كراوە، یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان رێی بە خوێندن لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە زمانەكانی دایك داوە، بە فەرمی ناسینی زمانی كوردی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی ‌و دەرەكی، بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق بەمانای بە فەرمی ناسینی گەلێكە كە هاوشانی گەلی عەرەبە ‌و گەلی پلە دوو نییە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە فەرمی ناسینی زمانی كوردی بایەخی ئەوەی هەیە، كە بەرپرسانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان، دەتوانن لە كۆڕ‌ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییە فەرمییەكاندا بە زمانی كوردی قسە بكەن.

ئەمڕۆ لە هەولێر و سلێمانی چەند چالاكییەكی تایبەت بەو ڕۆژە هەیە، شارەزایانی زمانزانی گفتوگۆ و سیمیناری تایبەت لەسەر زمانی كوردی ئەنجام دەدەن.

زمان، بناغە و كۆڵەگەی شوناس و مانەوەی نەتەوەیە. ئەوەی نەتەوە وەك بوون و شوناسێكی جیاواز لەوانیتر جیا دەكاتەوە، بە پلەی یەكەم زمانە. پاراستن و گەشەپێدانی زمانیش، گرەنتی بوون و ئامادەیی و بەردەوامیی نەتەوەیە.

 

ڕامان وریا

 

هەواڵی پەیوەندیدار