جێگری پارێزگاری موسڵ: پێویستە فشار لەسەر حکوومەتی عێراق بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال

شنگال-KDP.info- جێگری پارێزگاری موسڵ، ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا دوو وەجبەی خەڵکی زەرەرمەندی دەستی داعش کە ١٢ ھەزار کەسن لە موسڵ قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام ڕێژەیەکی کەمی کوردی ئێزدی بوونە کە زەرەرمەندی یەکەمیش ئەوانن، بۆیە پێویستە نوێنەرانی کورد فشار لەسەر حکوومەتی عێراق بکەن لە وەجبەی تازە زیاتر ناوی کوردی ئێزدی لە قەرەبووکردنەوە ھەبێت، دەشڵێت، ٢٨ ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە شنگال تەرخان کراوە، بەڵام بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی ڕەنگە گرفتمان بۆ دروست بکات.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری موسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی داعش خاوە، وەکو پێویست نیە و ئەوەی دەشکرێت زیاتر ئەوانەی عەرەبن کە قەرەبوو دەکرێنەوە، چونکە تا ئێستا دوو وەجبەی قەرەبووکردنەوە لە موسڵ کراوە کە ١٢ ھەزار کەس بوون، لەو ڕێژەیەش تەنھا ٣٠٠ کەسی کورد بوونە ئەوانەی دیکە ھەموو عەرەب قەرەبوو کراونەتەوە، ئەمەش غەدرێکی گەورەیە، چونکە زەرەرمەندی یەکەمی دەستی داعش کوردی ئێزدی بوونە، بۆیە پێویستە ئەمجارە نوێنەرانی کورد لە بەغدا فشار لەسەر حکوومەتی عێراق بکەن کە خەڵک قەرەبوو بکرێنەوەو ئەولەویەت بۆ کوردی ئێزدی بێت".
رەفعەت سمۆ گوتیشی: "ئێمەش وەکو پارێزگای موسڵ ئەمجارە زیاتر جەخت لەسەر ناوی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە ناکرێت خەڵکێک کەمتر زەرەرمەند بووە و پێش ئەوانەی دیکە قەرەبوو بکرێنەوە".
سمۆ باسی لەوەشکرد: "جگە لەوەش لەو بوودجەی بۆ موسڵ تەرخان کراوە ٢٨ ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە شنگال تەرخان کراوە، بەڵام بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی شنگال ڕەنگە کێشەمان بۆ دروست بێت، بۆیە تا دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە زۆر زەحمەتە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی شەرعیش لەوێ نیە، بەڵام ھەوڵ دەدەین لەڕێگەی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن".
بڵند ئیبراھیم




