سەرجەم فراکسیۆنەکان لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنن لە کاتی خۆیدا

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی، ھەموو فراکسیۆنەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ھاوڕان و یەک بۆچوونیان ھەیە، بەڵام پێویستە تەوافوقی سیاسی ھەبێت، چونکە ڕەھەندی سیاسی و نیشتمانیی ھەیەو ئەگەر یاسای هەلبژاردنەكان وەكو خۆی بمێنێت و هەموار نەكرێتەوە بە ئاسانی و لە كاتی خۆیدا دەكرێت.
موناقەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەڕێوە دەبەین بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی یاسایی و پەیڕەوی لەبارەی بۆچوونی فراکسیۆنەکانەوە کە ١٦ فراکسیۆن ھەیە و ھەمووان لەسەر یەک کۆنووس ئیمزایان کردووە و ھیچ فراکسیۆنێک بە جیا بۆچوونی نییە و ھەمووان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و یاسای کۆمسیۆن وھەڵبژاردنەکان ھەموار بکرێتەوە و یاخود یاسای ھەڵبژاردن بەجێھێشتنی وەکوو خۆی و ھەموارکردنەوەی لیژنەی دەستوور و لەگەڵ ئەوەشدان کە لیژنەیەکی تایبەتمەند دروست بکرێت بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی دەست پێ بکاتەوە سەبارەت بە کاراکردنەوەی لیژنەی دەستووری، بۆ یەکەم جاریشە ھەموو فراکسیۆنەکان یەک بۆچوونیان ھەبێت.''
مونا قەھوەچی گوتیشی: ''ئێمە ڕێز لە بۆچوونی فراکسیۆنەکان دەگرین و لە ھەمان کاتدا پێویستمان بە سازان ھەیە، چونکە بڕیار دراوە بە سازان یەکلایی بکرێتەوە و تەوافوقی سیاسیی پێویستە و ڕەھەندی سیاسی و نیشتمانیی ھەیە، بۆیە گرنگە تەوافوقی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمانی بکرێت، بۆیە جارێ ئێمە کۆبوونەوەمان نەکردووە تا ھەڵسەنگاندن بۆ بۆچوونی فراکسیۆنەکان بکەین، بەڵام کە کۆبوونەوەمان کرد، ئەوکات ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت وسەرۆکی ھەرێمیش دەستپێشخەریی خۆی ئەنجام دا و نوێنەری ئەو سەردانی لایەنەکانی کرد کە پەیامی ئەو بوو ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و لە ماوەی یاسایی تێپەر نەبێت لەسەر ھیچ پرسێک، بەڵام کات کەمیش بمێنێت کێشە نییە ئەگەر یاسای ھەڵبژاردن ھەموار نەکرێتەوە، بێ گومان بە ئاسانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




