حکومەت لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، دوو ھۆکار ھەن بۆ ئەوەی کە سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین گران بووە؛ یەکەم کە ھاوردە دەکرێت نرخەکەی گران بووە و دووەمیش حکوومەتی عێراق ڕێگری لە ھاتنی دەکات و کەمیشمان بۆ دەنێرێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستا لەسەر خەتە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام باشترین چارەسەر ئەوەیە کە نەوت بۆ پاڵاوگەکان دابین بکرێت و کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، ئاری کاکە شین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''نرخی یەک لیتر بەنزینی باش ئێستا لە شاری ھەولێر بە٩٠٠ دینارە کە بەنزینی کارە و ھۆکاری گرانیی بەنزینیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەنزین ھاوردە دەکرێت و نرخەکەی گران بووە و جگە لەوەش، عێراق ڕێگە بە ھاوردەکردنی بەنزین بۆ ھەرێم نادات لە پارێزگاکانی خۆیانەوە و ئەو بڕەی بۆ ئێمەش ڕەوانەی دەکەن بۆ نیوەیان کەم کردووەتەوە کە ڕۆژانە ١٠ تەنکەر بەنزینمان بۆ دەھات، ئێستا بۆ ٥ تەنکەر کەم بووەتەوە.''
ئاری کاکەشین گوتیشی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و لە ھەوڵی بەردەوام دان، بەتایبەت لە شێوازی دابەشکردنی بەنزین و ڕێکخستنی و، لە ھەر شوێنێک گرفتێک ھەبێت داوا دەکەن بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و باشترین ڕێگەش بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بەتەواوی چارەسەر بکرێت، ئەوەیە کە نەوت بۆ پاڵاوگەکان دابین بکرێت و کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




