٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەت: ئەمساڵ دوو ھەنگاو بۆ دروستکردنی ھێڵی ئاسنین دەنێین.. درێژیەکەی ٩٢٠ کم دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ دوو ھەنگاوی گرنگ بۆ دروستکردنی ھێڵی ئاسنین دەنێین، ئەوانیش دیراسەکردنی پڕۆژەکە لەڕووی ماددی و دانانی نەخشەی دروستکردنی ھێڵی ئاسنین و ئامادەکردنی وەبەرھێنەر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە، چونکە پڕۆژەکە پارەی زۆری پێویستە و ھەر یەک کیلۆمەتر پێویستی بە زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلار ھەیە، بۆیە حکوومەت زەوی دابین دەکات و وەبەرھێنەریش پارەکە، ھێڵەکەش لە ئیبراھیم خەلیل تا پەروێزخان و چەندین شوێنی دیکەش دەڕوات، کە درێژیەکەی ٩٢٠ کم دەبێت.

ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تا ئێستا بۆ دروستکردنی ھێڵی ئاسنین دوو ھەنگاویان ناوە، یەکەمیان لەگەڵ کۆمپانیایەک ڕێککەوتوون دیراسەی ئەوەمان بۆ بکات لەڕووی ماددی چەندی پێویستە و، تەنھا ماوە گرێبەستی لەگەڵ بکەین، ھەنگاوەکەیتر ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیھانی ڕێککەوتووین، کە نەخشەو  ھێڵی ڕێگامان بۆ دابنرێت بە جوانترین شێوە لەڕووی دیزایین و لەکوێ دابنرێت، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی گشتیی و پەیداکردنی وەبەرھێنەر و کڕینی سکەی شەمەندەفەر کە چ جۆرێکی باشە بکڕین و لە قۆناغی ئیش پێکردنیش ھاوکارمان دەبێت".

ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: "جارێ نەخشە ڕێگا دادەنرێت و ھەندێک دیراسەی پێویستە، کە ئەو دوو کۆمپانیایە کاری خۆیان تەواو کرد، دەست بە ھەنگاوی دیکە دەکرێت، بۆیە لەماوەیەکی نزیکدا دەست بە دیراسەکردن و دانانی نەخشە ڕێگاکە دەکرێت، بەڵام پارەی دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە لە ئەستۆی وەبەرھێنەر دەبێت و حکوومەت زەوی بۆ تەرخان دەکات و ئەوانیش پارە دابین بکەن".

عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: "ئەو پڕۆژەیە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانە کە درێژیەکەی ٩٢٠ کم دەبێت، کە ھێڵە سەرەکیەکەی ئیبراھیم خەلیل ئەبەستێتەوە بە سلێمانی و پەروێزخانەوەو کۆمەڵێک ھێڵی دیکەی لێ دەرئەچێت بۆ ڕانیە و بیتوێن، بۆ حاجی ئۆمەران و بۆ ھەڵەبجە و بەرواریان".

ئاگرین عەبدوڵا ڕاشیگەیاند: "بەپێی ھەڵسەنگاندنی سەرەتایی ھەر ١کم زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلاری پێویستە بەکڕینی سکەی شەمەندەفەرەکە و تێرمیناڵەکە ئەوبڕە پارەی پێویستە، بەڵام ئەمساڵ دیراسە و نەخشەو وەبەرھێنەر ئامادە دەکرێت، بۆ ساڵی داھاتووش دەست بە ھەنگاوی کرداری بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار