بڕیارهكه دراوە، له KDPیهوه بزانه چۆن سەرجەم یەکەکانی پاسەوانی دهکرێنە یەک یەکە

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، پێداچوونەوە و ڕێکخستنی یەکەکانی پاسەوانی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت و سەرجەم یەکەکانی پاسەوانی دەکرێنە یەک یەکەی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ڕاوێژکارێکی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، کارکردن لە یەکەکانی پاسەوانی بەردەوامە و کاری باش کراوە و ھەمووان دەکرێنە یەکەیەکی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی کوردستان، سەعید ھەرکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سێ جۆر پاسەوانمان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، پاسەوانی بۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە کە تایبەتە بەئەوان و پاسەوانی دیکەش ھەیە کە پاسەوانی بەرپرس و بارەگای حیزبی و کەسایەتیەکانن، ھەروەھا پاسەوانی دیکەمان ھەیە کە زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتنە، کە ئەوانیش سێ جۆر پاسەوانن، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە یەکبخرێن و ڕێکخستنەوەیان بۆ بکات لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا".
سەعید ھەرکی گوتیشی: "بڕیارە ھەموو ھێزەکانی پاسەوانی بکرێنە یەک یەکەی پاسەوانی لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ و سەر بە ئەوان دەبن و جارێکی دیکە ڕێکدەخرێنەوە و ژمارەی پاسەوانەکان بۆ ھەر بارەگا و بەرپرسێکیش دیاری دەکرێن و پێداچوونەوەی باشی بۆ دەکرێت، چونکە بڕیاری لێ دراوە و جێبەجێدەکرێت و ئێستاش کاری تێدا دەکرێت".
لای خۆشیەوە دکتۆر سامی جەلال، ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "خەریکی کارکردنین لە یەکەی پاسەوانی و کاری تێدا کراوە و بەردەوامیشین لەکارکردن و نەوەستاوین تاوەکو کارەکانی تەواو دەبێت، چونکە بڕیاری لەسەر دراوە کە ڕێکبخرێت".
دکتۆر سامی جەلال ڕاشیگەیاند: "ھەنگاوی باش نراوە و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکرێت تاوەکو سەرجەم ھێزەکانی پاسەوانی لە چوارچێوەی یەکەیەکی پاسەوانی ڕێکدەخرێن و دەبێتە یەک یەکەی پاسەوانی و سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




