ڤانیسا ڕەشید: بانگهێشتی سەرکردە باڵاکانی هەرێم بەڵگەی بەهێزیی هەرێمی کوردستانە

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی شارەوانیی میونشن دەڵێت، ساڵ بە ساڵ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان گرینگتر دەبێت و، ئەمساڵیش کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون، بەڵگەی بەهێزیی پێگەی هەرێمی کورددستانە بۆ ئەورووپا و دۆستەکانی، ئەوەش بەو واتایەیە کە پشتگیریی ئەوان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
ڤانیسا ڕەشید کە ئەندامی کۆمیتەی گشتیی ڕەوەندی کوردستانی و ئەندامی شارەوانیی میونشنە لەسەر لیستی پارتی سەوزی ئەڵمانی و، بەشداربووی کۆنفرانسی ئاشتیی میونشنە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆنفرانسی ئاشتیی میونشنەوە، گرینگیی خۆی هەیە، بەو پێیەی بە گرینگییەوە لە گەلی کوردستان دەڕوانرێت کە خاوەنی هەرێمێکی دەستوورییە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆستی ئەمەریکا و ئەورووپایە، بەتایبەت لە ساڵی 2014ەوە کە شەڕی داعشی کردووە.''
ڤانیسا جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئاستێکی بەرزدا لە بەشداربوونی دوو سەرۆکی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا دەڕوانرێت، بەو پێیەی کە کێشەیەکی گەورەی تیرۆر لە بەردەم ماڵی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدایە، ئەمەریکا و ئەورووپا دەزانن، گەر کێشەی تیرۆر چارە نەکرێت، ئەوا دەگاتە ئەورووپا و ئەمەریکاش، بۆیە ئەوانیش پێیان باشە لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن و لە ڕووی ماددی و لۆسجستییەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر، نەک تەنیا بە چەک و جەنگ، بەڵکوو لە ڕێی سێبەریشەوە، کە بۆ داهاتوو دەبێ ڕێی لێ بگیردرێت، کە ئەمەریکا و ئەورووپا فۆکەسیان خستووەتە سەر.
ئەندامە بەشداربووەکەی کۆنفرانسی ئاشتی میونشن، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی گشتیی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە، ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکی ئۆکراینا و زۆرێک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان لەو کۆنفرانسەدا بەشدارن، جیا لە پرسی تیرۆر، پرسی پەتای کۆرۆنا و گەرمبوونی زەوی و کەمئاوی و وشکەساڵی و چەند پرسێکی دیکەی گڵۆباڵی تاوتوێ دەکرێن.
ئەو باسی لەوەش کرد کە کورد پێشتر تەنیا وەک پەکەکە دەناسرا، بەوەش لە ئەورووپا ڕوانین بۆ کورد نەرێنی بوو، بەڵام لە دوای هاتنی داعش، ڕوانگەی ئەورووپی بەرانبەر کورد ئەرێنییە و کاتێ دەڵێی کوردم، ڕاستەوخۆ بە خۆشحاڵییەوە دەڵێن، پێشمەرگە، ئەوەش بۆ ئێمەی کورد جێی خۆشحاڵییە.
ڤانیسا ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە یەکێ لە ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسە ئەوەیە کە سەرکردەکانی جیهان لە یەکتر نزیک بکەونەوە و ئەگەر کێشەیەک هەیە، بە دیالۆگ چارەی بکەن، نموونەیشی بە کێشەی ئۆکراینا و ڕووسیا هێنایەوە، بەڵام ڕووسیا ڕەتی کردووەتەوە کە بەشدار بێت.
چاوپێکەوتنە تایبەتەکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یان دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆک، یاخود وەزیرانی وڵاتانی جیهان، بەلای ڤینیساوە گرینگیی خۆی هەیە، چ لە ڕووی سیاسی، یان ئابووری و پەیوەندییەکانی دیکەوە کە دەگونجێت زۆر جار لەو دانیشتنانەدا پەیوەندیی پتەوی سیاسی و ئابووری پێک بهێنرێت.
کۆنفرانسی ئاشتیی میونشن، کۆنفرانسێکی بێلایەنە و بۆ یەکەم جار ساڵی 1963 لەو شارە دامەزراوە، ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە خۆیان بەفەرمی سەرۆکی وڵاتانی جیهان بانگهێشت دەکەن، هاوکات نوێنەرانی کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکانی جیهانیش بانگهێشت دەکەن، هەروەها کەسانی نێو ڕێکخراوەکان (NGO) بانگهێشت دەکەن، لەگەڵ ئەوانەدا بەشی سەربازییشی تێدایە و وەزیری بەرگریی وڵاتانیش بانگهێشت دەکەن. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە کە ڕووسیا ڕەتی کردەوە لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا بەشدار بێت.
خێڵان بەختیار




