نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هندستان كۆبووه‌وه

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2022/2/19 له درێژه‌ى دووه‌م ڕۆژى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سوبراهمانیام جایشانكار وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هندستان كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رفه‌ته‌كانى به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندى و بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌شى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هیندستان و زه‌مینه‌ى سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى هیندى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگا به‌ڕووى كۆمپانیا هیندییه‌كاندا خرایه به‌ر باس و ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عیراق و ناوچه‌كه‌ش، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هیندستان سوپاس و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و پشتگیریه‌ى له ده‌ستى كارى هندى ده‌یكات و ده‌رفه‌تى كاریان ده‌داتێ، هه‌روه‌ها باسى له به‌رنامه‌ى وڵاته‌كه‌ى بۆ بنیاتنان و پیشخستنى تواناكان له هه‌رێمى كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه كه ده‌توانن له بوارى ته‌ندروستى و بانكدارى و زانكۆییشدا مه‌شق و ڕاهێنان پێشكه‌ش بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هیندستان، باسى له ده‌ستى كارى هندى له هه‌رێمى كوردستان كرد كه كۆمه‌ڵێكى پیشه‌گه‌رى كاركه‌رن و هه‌موو پشتگیرییه‌كیان لێده‌كرێت، هه‌روه‌ها سوپاسى به‌رنامه‌ى بنیاتنان و پیشخستنى تواناكانى كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پێشوازى له سه‌رمایه‌گوزارى و كۆمپانیا هیندییه‌كان دووپات كرده‌وه.
فره‌ییى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و ده‌وڵه‌مه‌ندیى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له هیندستان، سه‌ردانى هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ریى پزیشكى له هیندستان و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێكى دیكه‌ى گفتوگۆى هه‌ردوولا بوو.




