ناحیەی شەمامک دەبێتە قەزا و کانی قرژاڵە و سەرکارێزیش دەبنە ناحیە

مەخموور -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتی، لەسەر داوای خەڵک داوای بەقەزابوونی ناحیەی شەمامک و بەناحیەبوونی کانی قرژاڵە و سەرکارێزمان کردبوو، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک ڕەوانەی ناوچەکە کراوە و ڕەزامەندییش دراوە و تەنھا ماوە فەرمانی بۆ دەربکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ خزمەتکردنی ئەو ناوچانە.
کرمانج عەبدوڵا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەڵکی سنووری مەخموور لە ڕێگەی ئێمەوە داوایان کرد کە شەمامک بکرێتە قەزا و کانی قرژاڵە و سەرکارێز سەر بە قەزای شەمامک دەبن و ناحیەی بیستانەش سەر بە قەزای دەشتی ھەولێر دەبێت، ئێمەش داواکارییەکانمان گەیاندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێک ھات، مەبەست لەوەش ئەوەیە خزمەتی ناوچەکە بکرێت و خزمەتگوزاریی زیاتری بۆ دابین بکرێت، چونکە سنوورەکە زۆر مەغدوورە و چەند جارێک گوندەکان وێران بوون و خەڵکیش ئاوارە بوون.''
کرمانج عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ''سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پەرۆشە کە خزمەتی زیاتری سنوورەکە بکرێت، بۆیە بەپەلە لەسەر ڕاسپاردەی ئەو بڕیار درا لیژنەیەک پێک بێت لە وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەری پارێزگا و نوێنەری شارەوانی و وەزارەتی کشتوکاڵ و بە شێوەی مەیدانی سەردانی ناوچەکەیان کردووە و بڕیارە لە ماوەیەکی کورتدا فەرمانی بۆ دەربچێت، چونکە پارێزگاریش لە ئەنجومەنی پارێزگا باسی ئەو بابەتەی کردبوو.''
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو سنوورە کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە، بۆیە ھیوادارین بەقەزابوونی شەمامک زیاتر خزمەتی بکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگ و زۆر پێویستە، بۆیە کاری باش کراوە و تەنھا ماوە فەرمانی بۆ دەربکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




