٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئەرشەد تەھا: دەستکاریی نرخی دۆلار لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بڕیار لەبارەی نرخی دۆلار بدات، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی چەند بڕیارێک لەسەر وەزیری دارایی دەرکران و گەشتکردنی لێ قەدەغە کرا، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، حکوومەتی ئێستای عێراق نایەوێت دەستکاری نرخی دۆلار بکات.

د. ئەرشەد تەھا، ڕاوێکاژی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی دەستوور ناکرێت پەرلەمان و حکوومەت دەستوەردان لە سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراقدا بکەن، بەڵام لە عێراق ھەموو شتێک ڕوو دەدات، بڕیاری ساڵی ڕابردووی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نایاسایی بوو، چونکە کاریگەریی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییانی عێراق ھەبوو، ساڵی ڕابردوو بەھانەی حکوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق ئەوە بووە کە کاغەزی چاکسازی جێبەجێ بکرێت، بەڵام جگە لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بە ڕێژەی ٢٣% ھیچ چاکسازییەکی جێبەجێ نەکرد.''

حاکم زاملی، جێگری یەکەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ئاشکرای کرد: ''وەزیری دارایی عێراق شکستی ھێناوە لە سیاسەتی دارایی و پێویستە ڕێوشوێنی بەرامبەر بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بگەڕێتەوە نرخەکەی پێشوو، ھاوکات سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستکاری نرخی دۆلار لە کاتی ئێستادا بڕیارێکی ئاسان نییە و ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتن ھەبووە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار.''

ڕاوێژکارەکەی پەرلەمانی عێراق کە ھاوکات پسپۆڕی سیاسەتی داراییە دەڵێت: "ئەگەر نیەتێکی جددی ھەبێت ئەوە دەستکاری نرخی دۆلار دەکرێت، چونکە کوتلەی سەدر  گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە و حکوومەتی داھاتووش ھەر ئەوان پێکی دێنن، بەڵام لە سەردەمی حکوومەتی ئێستا بەدووری دەزانم دەستکاریی نرخی دۆلار بکرێت.''

لەبارەی لێکەوتەکانی دەستکاریی نرخی دۆلار، د. ئەرشەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەر دەستکارییەک بکرێت لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەژار و فەرمانبەرانی عێراقە، چونکە لەدوای بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بازاڕ پەکی کەوتووە و کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر گوزەرانی خەڵکی عێراق ھەبووە، لەبەر ئەوەی نۆ ملیۆن ھاووڵاتیی عێراقی فەرمانبەری حکوومەتن و مووچەکانیان بە دیناری عێراقی وەردەگرن، کەچی ھەموو کەلوپەلێک لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت و بە نرخی دۆلار بۆیان ھەژمار دەکرێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار