وەزارەتی تەندروستی: بڕیارێکی نوێ لەبارەی دروستکردنی کارتی ڤاکسین دەرچووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئایتی لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارێکی نوێ لەبارەی دروستکردنی کارتی ڤاکسین دەرچووە، ئەویش پێشتر کارتی ڤاکسین تەنھا لەڕێگەی پاسپۆرت دەردەھێندرا، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی ناسنامە و کارتی نیشتیمانیش کارتی ڤاکسین دەردەھێندرێت، ئەوەی کارتی ڤاکسینیشی پێ نەبێت ناتوانێت سەردانی ھیچ وەزارەتێک بکات.
حەربی کەتۆ، بەڕێوەبەری ئایتی لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی : "پێشتر وەکو وەزارەتی تەندروستی کارتی ڤاکسین تەنھا لەسەر پاسپۆرت دەردەھێندرا، بەڵام ئێستا بڕیارێکی نوێمان داوە کە کارتی ڤاکسین لەسەر ناسنامە و کارتی نیشتیمانی دروست دەکرێت و ھەر ھاووڵاتیەک بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو دوو بەڵگەنامەیەش کارتی ڤاکسین دەربێنێت، بەڵام ئەوەی پاسپۆرت بۆ دەرەوەی وڵاتە و ئەوەی ناسنامە و کارتی نیشتیمانی بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەکاردێت، بەمەرجێک دوو ژەمی ڤاکسینی وەرگرتبێت".
حەربی کەتۆ، باسی لەوەشکرد: "ھەرسێکی یەک جۆرە کارتە و تەنھا ئایدیەکەی دەگۆڕین کە چ جۆرە بەڵگەیەکە، پاسپۆرتە یاخود ناسنامە یان کارتی نیشتیمانییە".
بەڕێوەبەری ئایتی لە وەزارەتی تەندروستی ڕوونیشی کردەوە: "لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بنکەکانی ڤاکسین دەکات و ڕۆژانە نزیکەی ١٥ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان ڤاکسین وەردەگرێت، ھاوکات ئەوانەی ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە ملیۆن و٢٠٠ ھەزار کەس دەبێت و، ژەمی دووەمیش ٩٠٠ ھەزار کەس و، ژەمی سێ یەمیش ١٥ ھەزار کەس دەبێت".
کەتۆ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێستا سەردانیکردنی وەزارەت و فەرمانگە حکوومیەکان بۆتە مەرج و پێویستە بۆ ھەر شوێنێکیان بڕوات کارتی ڤاکسینی پێبێت، ئەگەرنا ڕێگەی پێنادرێت سەردان بکات،
ھەروەھا وتیشی، ئێستا دوو جۆر ڤاکسین لامان ھەیە، ئەوانیش سینۆفار، ڤایزەرە، ئەسترازینکا بەکار ناھێنن، چونکە حکوومەتی عێراق نایکڕێت".
لەکۆتایشدا وتی: "تا ئێستا نزیکەی ٣٦٠ ھەزار کارتی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دروست کراوە و بەردەوامیش کارتی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتیان دروست دەکەن".
بڵند ئیبراھیم




