٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئالووسی بۆ KDP: دەیانەوێت کورد هاووڵاتی پلە دوو بێت.. بڕیاری لەمه‌ خراپتر نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرکردەیی دیاری سیاسیی عێراقی، میسال ئالووسی، دەڵێت، ھەموومان دەزانین بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگا لە دەرەوە دەھێنن و ئەوان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان ھەڵنایەت و دەیانەوێت ئەو سەقامگیرییەی لە کوردستان ھەیە بیشێوێنن. 

میسال ئالووسی، تایبەت بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو پێشکەووتن و بەرەو پێشچوونە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و وەبەرھێنانه‌ی  کوردستان بەخۆییەوە بینیووە لە ھیچ شوێنێکی ئەم ناوچەیە بوونی نییە و دەیانەوێت ئەم ھەموو شتانە تێکبدەن". 

ئالووسی دەشڵێ: "ئەگەر ئەوان ھەست بەوە بکەن دەست بەسەر ھەرێمی کوردستان دابگرن، ئەمە دەبێتە خاڵی سەرکەوتنی دەوڵەتی عێراقی، ئەمە تێروانینێکی زۆر ھەڵەیە و دەبێت ئەوان باش بەخۆییاندا بچنەوە، چونکە دەبێت ئەوان باش لەوە تێبگەن سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتنی حکوومەتی عێراقە، ھەروەھا دەست بەسەر داگرتن و نادەستووریکردنی نەوت و جوڵانەوەی میلیشاکان دژی ھەرێمی کوردستان و بۆردوومانکردنی فرۆکەخانەی ھەولێر ئەمە ڕادەستکردنی عێراقە بۆ میلیشیاکان و ئایندەی عێراقیش بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات".

"ئەم بڕیارە خۆی لە خۆییدا ترسێکە لە سەرکەوتنی پارتی و سەرۆک بارزانی لە ھەڵبژاردندا، چونکە دەزانن ئەوان پشتیوانی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەندێکیش لەو سەرکەوتنەی پارتی دەترسن و دەیانەوێت پارتی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی کوردستان بێت و، ترسێکی دیکەش ئەوەییە لەو سێ کۆچکەی ھاوپەیمانی بارزانی و سەدری و (حەلبووسی و خەنجەر) دەترسن، چونکە دەزانن ئەمانە پڕۆژەی چاکسازی و بەڕێوەبردنی وڵاتیان پێیە و دەتوانن سەروەری بۆ خاکی عێراق بگەڕێننەوە، بۆیەش بە ھەموو شێوەییەک دەیانەوێت لە ھەموو ڕێگاییەکەوە گورز لە ھەرێمی کوردستان بدەن'' ئالووسی وای دەڵێ.

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە نادەستووری کردنی نەوت و گاز ئەمە بڕیارێکی ھەڵەیە، چونکە پەرلەمانی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە ھەموو بڕیارێک بە نەوت و گازی خۆی بدات و ڕێز لە دامەزراوەکانی کوردستان ناگرن و دەیانەوێت گەلی کورد بچەوسێننەوە و کورد ھاووڵاتی پلە دووەم بێت لە عێراق و بە ھەموو شێوەییەک دەیانەوێت سەرکووت بکرێن و دەستیان لە ھیچ بڕیارێک دانەبێ و ھیچ بڕیارێکیش لەم بڕیارە خراپتر نییە، ئەمە تەواو ھاوشێوەی بڕیارەکانی سەددام حوسێنە بۆ سەرکوتکردنی کورد". 

میسال ئالووسی، لە کۆتایشدا گوتی: "ئەم بڕیارانە بەردەوام بن دەبنە ھۆی پشێوی لە عێراق، چونکە عێراق خۆی ئارام نییە، بەڵکو ھەرێمی کوردستان بەشێوەییەکی ئارام و بە بێ میلیشیات و لە ژیانێکی سەقامگیردا و بەھەزاران خەڵک بە دڵێکی ئارام ژیانیان بەسەردەبەن".

 

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار