٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری: ١٢٠ ھەزار ھەلی کارمان بۆ خەڵکی خۆمان ڕەخساندووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ڕایدەگەیەنێت، لە ھەرێمی کوردستان بەمەرج مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەدرێت، کە پێویستە ٧٥%ی کرێکاری ناوخۆیی بێت و ئەوانەی دیکەش ئەگەر لە ھەرێم ھەبن پێویستە ئەوانیش لە ھەرێم کرێکار دابین بکەن، ئەگەر نەبوو ئەوکات بۆیان ھەیە کرێکار بەو ڕێژەیە بێنن و تا ئێستاش ١٢٠ ھەزار ھەلی کاری ڕاستەوخۆ و بە ھەزاران ھەلی کاریش بۆ ھەر پڕۆژەیەک بە ناڕاستەوخۆ دابین کراوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ ھەلی کار بڕیارێک دراوە ھەر پڕۆژەیەک پێویستە ٧٥%ی کرێکاری ناوخۆیی بن، ئەگەرنا مۆڵەتی پێنادرێت لە بواری وەبەرھێنان و ئێستا ھەر داواکاریەک بێت جێبەجێ پەسەندی ناکەین، پێویستە بۆ ھێنانی کرێکار ڕوونکردنەوەمان پێبدەن کە دەیانەوێت کرێکار لەچ بوارێک بۆ ھەرێم بێنن، ئەگەر لە ھەرێم ھەبێت پێویستە لە ھەرێم دابینی بکەن".

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ئێمە دوو جۆر ھەلی کارمان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ ئەوانەی لە پڕۆژەکان بە بەردەوامی کار دەکەن کە ١٢٠ ھەزار ھەلی کارەو ناڕاستەوخۆ کە بۆ ھەر پڕۆژەیەک بە ھەزاران ھەلی کار دابین دەکرێت، چونکە پڕۆژەکان ھەمووی پێویستی بەکرێکاری جۆڕاوجۆر ھەیە، وەکو نەجاڕی و کرێکاری گواستنەوە و ئەوانەی بەڕۆژانە کار دەکەن، وە بوارەکانی دیکەش، جگە لەوەش بەگەرخستنی کارگەکان وەکو کارگەی شیش، چیمەنتۆ، دەرگا و پەنجەرە و کارگەکانی دیکە، ئەوانە ھەمووی دەکەونە کار و ئەمەش ھەلی کارە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ".

شوکری باسی لەوەشکرد: "پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی ھەلی کار لەو ڕێژەی ئێستا ھەیە زۆر زیاتر بکەین، چونکە پڕۆژەی زۆرمان لەبەر دەستدا ھەیە بۆ ئەوەی مۆڵەتیان بدەینێ و دەست بە کار بکەن".

 

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار