دارا جەلیل خەیات: سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ قەتەر دەبێتە ھاندەرێکی باش بۆ ئێمە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان و وڵاتی قەتەر زۆر لەیەک نزیکن و پەیوەندی زۆر باشیشمان لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی قەتەر ھەیە و، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگە و کاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندیە ئابووریەکانمان زیاتر بەھێز بێت و پێکەوە کاری ھاوبەش بکەین، چونکە قەتەر زۆر دەوڵەمەندە بە کارکردن لە بواری وزەدا.
دکتۆر دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەرێمی کوردستان و وڵاتی قەتەر زۆر لەیەک نزیکن و بەرنامەی پێکەوە کارکردنمان ھەیە و، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ وڵاتی قەتەر لەڕووی ئابووری گرنگی یەکجار زۆری ھەیە و ئەنجامی باشیشی دەبێت، چونکە ئەمە وادەکات پەیوەندیە ئابووریەکان زیاتر پەرەی پێ بدرێت و زەمینەش خۆش دەکات بۆ ئەوەی کاری ھاوبەشمان ھەبێت، چونکە وڵاتی قەتەر لەڕووی ئابووری زۆر دەوڵەمەندە، بەتایبەت لە بواری وزەداو ئێمەش دەتوانین سودی باش لەئەزموونی ئەوان وەربگرین".
دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "سەردان لە نێوان ئێمە و ئەوان بەردەوام ھەیە و پێشتریش پەیوەندی باشمان ھەبووە لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی ئەوان و ھەر کارێکیش ھەبێت دەتوانین پێکەوە ئەنجامی بدەین، بۆیە لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتانی کەنداو بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن و، ھەوڵدەدەین سوودیان لێ وەربگرین، بۆیە بەھاتنی ئەوان دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت، ھاوکات سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ قەتەر دەبێتە ھاندەرێکی باش بۆ پەیوەندیەکانمان".
خەیات ڕوونیشی کردەوە: "ماوەیهک بوو بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەندێک پەیوەندیەکان سست ببوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە لەبارترە بۆ ئەوەی زیاتر کاری پێکەوەیی بکەین".
بڵند ئیبراھیم




