قوتابیان و لاوان: بەرنامەیەکی سەرتاسەریمان ھەیە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین

ھەولێر-KDP.info- ٦٩ ساڵ لەمەوبەر لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی نەمر ھەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان دامەزرێندران، دامەزراندنی ئەو دوو ڕێکخراوەش وەکو پێویستییەک کە قوتابیان و لاوانی کوردستان ھەست بکەن ڕێکخراوێک ھەیە لە کوردستان بەرگری لە ماف و داخوازییەکانیان دەکات و گرینگی بە ئاستی زانست و ھۆشیاریی نەتەوەیی و خەباتی گەلی کوردستان دەدات.
لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە کەرکووک بەسترا، لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی نەمر، لە ١٨ی٢دا ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندران.
ھاوکات لە ساڵی ١٩٩٩دا، پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٨ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی کوردستان دەستنیشان کردووە.
مەیسەر عوبێد، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "یادی ١٨ شوبات و دامەزراندنی رێکخراوەکەمان لە تەواوی ئەندامان و لایەنگرانمان پیرۆز دەکەین، ھیوادارین ساڵی ٢٠٢٢ ساڵەکانی داھاتووش ببێتە ھۆی خێر و خۆشی و سەرکەوتن بۆ ھەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە، پەیوەست بەم یادەش، ئێمە بەرنامەیەکی سەرتاسەریمان ھەیە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین، لە گشت ناوەندە باڵاکان ھەر ناوەندە و بەرنامەی تایبەتی خۆی ھەیە، ھەروەھا چەندین چالاکی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرێن کە چالاکی خۆبەخشی و ڕۆشنبیری و ھونەری لەخۆدەگرێت".
جێگای ئاماژەشە، دوێنێ چوارشەممە، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ سکرتاریەتی ھەریەکە لە ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە، لەمبارەشەوە، مەیسەر عوبێد، باس لە دیدارەکەیان بۆ KDP دەکات و دەڵێت: "جەنابی جێگری سەرۆکی پارتی، پێشتر و ئێستاش بەردەوام پاڵپشت و ھاوکارمان بووە، کە پاڵپشتێکی سەرسەختی ئەم رێکخراوە بووە لە ھەموو بوارەکاندا، ھەروەھا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئاستی بیر و ڕۆشنبیریی لاوان و قوتابیان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە ئاستی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوە و ڕوانینی لاوانی کوردستان مایەی شانازییە و دەتوانن خزمەتێکی باشتری ئێستا و داھاتووی وڵاتەکەیان بکەن، ھاوکات ئێمەش پوختەیەکمان لە کار و چالاکییەکان و پلان و بەرنامەی کاری داھاتوومان بەگشتی خستە ڕوو، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆمان و ئەندامان و لایەنگرانمان بۆ بەردەوامیی پشتگیریی بەڕێزیان کردوو، جەنابیشیان پشتیوانی و ھاوکاری خۆی بۆ ڕێکخراوەکەمان دووپاتکردەوە".
جێگای ئاماژەشە، سبەی ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی شەھیدبوونی فەرەنسۆ ھەریرییە، لە رۆژی ١٨ـی شوباتی ٢٠٠١، ژمارەیەک تیرۆریست لە شەقامی ٦٠ مەتریی شاری ھەولێر، فەرەنسۆ ھەریرییان کردە ئامانجی کردەوە چەپەڵەکانیان و شەھیدیان کرد.
سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستانیش، نێچیرڤان کەلاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتا پیرۆزبایی ١٨ی شوبات، ٦٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە سەرجەم کادیر و ئەندامان و قوتابیانی کوردستان دەکەین، بەڵێنمان داوە ھەمیشە داکۆکی سەرسەختی مافەکانیان بین، لێرەوە سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ سەرجەم ئەو کادیر و سەرکردانەی لە ڕابردوودا ئاڵا ھەڵگری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوون و مانەوە و شکۆمەندی و پێشەنگی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەھۆی ماندوو نەناسی ئەوانەوە بووە".
نێچیرڤان، ئاماژە بەوەش دەکات: "لەو ساڵیادەدا بە پێویستی دەزانین کە سوپاسێکی بێ پایەنی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، بەرێزیان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوام بەدەم چارەسەرکردنی کێشەو گیروگرفتەکان ھاتووە، بەتایبەت ئەو گرفتانەی کە لەبەشە ناوخۆیەکاندا ھەبووە، یاخود لەڕێی دابینکردنی بوودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو کەموکوڕیانەی لە تاقیگە زانستیەکانی کۆلێژەکاندا ھەبووە، ھاوکات لەڕێگەی بڕیارێکی جەنابیانەوە جارێکیتر لەژێر پاڵپشتی قوتابیان ھاوکارییەکی مانگانە بۆ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا حکوومیەکانی ھەرێمی کوردستان بڕایەوە، لێرەوە بەناوی سەرجەم قوتابیانی کوردستان و ئەندامانمان، جەخت لەوە دەکەمەوە کە یەکێتی قوتابیانی کوردستان داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرۆسەی چاکسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان".
ئەمەش کار و چالاکیەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە بۆ ٦٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنیان.
- لە ڕۆژی ١٨ی مانگدا، ٦٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، سەرجەم کادیرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان سەردانی مەزاری نەمران دەکەن.
- لە ڕۆژی ٢٠ی مانگ، لە مەکتەبی سکرتاریەت و لەسەر ئاستی سەرجەم لق و نووسینگەکان پێشوازی لە میوانان دەکرێت بەبۆنەی گەیاندنی پەیامی پیرۆزباییان.
- لە ڕۆژی ٢٢ی مانگ، لە شاری ھەولێر، چالاکیەکی کەرنەڤاڵی گەورە لەلایەن لق و نووسینگەکانی پارێزگای ھەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە ڕێکدەخرێت.
- لە ڕۆژی ٢٤ی مانگ، لە شاری دھۆک، لەلایەن لقەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و نەینەوا کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بەڕێوەدەچێت.
- لە ڕۆژی ٢٨ی مانگ، لە شاری سلێمانی لەلایەن لقەکانی سنوری پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەرین و گەرمیان، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری ئەنجام دەدرێت.
- لە ڕۆژانی ١ و ٢ و٣ی مانگی ٣دا، ھەڵمەتێکی ژینگەیی بۆ پاککردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوەدەچێت.
ھەڵکەوت محەمەد




