٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لە قەتەر ئاشکرا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

قەتەر -KDP.info- سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر وەبەرهێنانی قەتەر لە کوردستان و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بۆ قەتەر و کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر و پرسی سیاسی و ئەمنی کرا.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کودستان و ئەندامی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ قەتەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەمیری قەتەر، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری سەردانی قەتەریان کرد و دیداریان لەگەڵ ئەمیری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر و، وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازی و وزە هەبووە.''

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: "لە کۆی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای قەتەر، بەگشتی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە کراوە".

سەفین دزەیی ڕوونیشی کردەوە: "بە شێوەیەکی گشتی و فراوان گفتوگۆ کرا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانی قەتەر لە کوردستان، ڕێککەوتنی مەبدەئییش هەبوو کە شاندی فەننی ئاڵوگۆڕ بکرێن بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەوەی کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی قەتەر لە چ بوارێکدا دەتوانن وەبەرهێنان بکەن و بازاڕی کوردستان چی پێویستە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش دا: "قسە لەسەر کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کراوە کە خواردەمەنی و بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازاڕی قەتەر بکرێت".

سەفین دزەیی گوتیشی: "دیدارەکان دۆستانە بوون و بڕیار درا ئەم جۆرە دانیشتن و دیدارانە بەردەوام بن، ساڵانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی قەتەریان کردووە و شاندی باڵای قەتەریش سەردانی کوردستانیان کردووە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە زیاتر زانیاریی دا و گوتی: "لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەردا باس لە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرا". 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار