٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تورکمانەکان: بڕیاری دادگای فیدراڵ سیاسییە و بۆ لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لایەنە تورکمانییەکان پێیان وایە بڕیاری دوێنێی دادگای فیدراڵی دژی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تەواو سیاسییە و تەنیا مەبەستی لێدانە لە پێگەی ھەرێمی کوردستان. نوێنەرێکی تورکمانییش دەڵێت، زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستوور پێشێل کراون و دادگا ھەڵوێستی نەبووە.

بڵند عوزێری، سەرۆکی پارتی ڕزگاریی نەتەوەییی تورکمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوە بڕیارێکی سیاسییە کە دادگای باڵای فیدراڵی لەدژی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەری کردووە، ئێمە وەک تورکمان دژی ئەو بڕیارەی دوێنێی دادگاین لەبارەی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە بە بڕیارێکی یاسایی نازانین''.

سەرۆکی پارتی ڕزگاریی نەتەوەییی تورکمان ڕوونیشی کردەوە: "دەستی دەرەکی لە پشت بڕیاری دادگای فیدراڵییە و تەنیا مەبەستی لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەش کاتی ئەوە ھاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ لەبارەی ئەو ھەموو غەدرە و ئەو دەستوەردانەی لە ڕەوشی عێراقدا ھەیە و دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات.''

هەر لەم بارەیەوە، سارا چاوشلی، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری دادگای فیدراڵ نادەستوورییە و لە دەستووردا ئاماژە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و غاز لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا کراوە، بەتایبەتی دیارە کە ئێستا مەبەستیان لە دەرکردنی بڕیارێکی وەھا چییە و بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان کێی لە پشتە.''

چاوشلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "گەلی تورکمان نیگەرانە بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی و بووەتە ھۆکاری نەمانی متمانە بە دادگای فیدراڵی، چونکە ئەگەر بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێت ھیچ شتێک لە عێراق نەماوە بە ناوی سیستەمی فیدراڵی، بەداخەوە زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستوور پێشێل کراون و دادگای فیدراڵی ھەڵوێستی نەبووە، تەنیا بۆ مەرامێکی سیاسی، دوێنێ بڕیاری لە دژی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەرکرد''.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار