٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان: تیمێکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و قەتەر پێک دەهێنرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان گوتی، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ قەتەر زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەوان بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و قەتەر پێک دەهێنرێت و سەردانی ھەرێم دەکەن و ئەو پڕۆژانەی گرنگن لێرە جێبەجێ دەکرێن.

كەمال ئاغا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام داوە و لەگەڵ وەزیری کاروباری وزەی قەتەر کۆ بووەتەوە و بێ گومان ئەو کۆبوونەوەیە لە بواری وزە و غازی سروشتی گرنگی زۆری پێ درا، چونکە قەتەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەورێکی زۆری ھەیە لە بواری غازی سروشتی و بڕیار درا پەیوەندییەکان فراوان بکرێت و گرنگی بە بواری غاز بدرێت و ھەرێم لەگەڵ قەتەر خەریکە پڕۆژەیەکی گەورە ئامادە دەکات بۆ ئەوەی جێگرەوەی ڕووسیا بێت لە دابینکردنی غازی سروشتی بۆ ئەورووپا و تورکیا و بێ گومان ئەمە پڕۆژەیەکی گەورە دەبێت بۆ ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان.''

ئاغا باسی لەوەش کرد: ''ھەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆ بووەوە و جگە لە باسی سیاسی، باسی وەبەرھێنانیش کرا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەوان بێنە ھەرێمی کوردستان و کاری وەبەرھێنان بکەن، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا.''

جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان گوتیشی: ''لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میری قەتەریش تەئکید لەسەر بواری وەبەرھێنان کراوە و تیمێکی ھاوبەش پێک دێت لە بواری غازی سروشتی و سێکتەرەکانی دیکەش بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێم کار بکەن لە ھەموو سێکتەرەکان، بۆیە ھەموو وڵاتانی کەنداو گرنگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن و ئەمەش بەھۆی ھەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئەو وڵاتانە و وای کردووە کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانی جیھان بێن لە ھەرێم کار بکەن، ئەوەش لای ئێمە جێگەی شانازییە.''

جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو تیمەی پێک دێت سەردانی ھەرێم دەکات و لەڕێگەی چەند کۆنفرانس و وۆرکشۆپێکەوە گرنگی بەو پڕۆژانە دەدرێت کە لە بواری وەبەرھێنان جێبەجێ بکرێن، بۆیە گەشبینین کە ئەو سەردانە ئەنجامی باشی دەبێت.''

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار